Accessibility links

ئەنتۆنی بلینکن هەندێک لە وڵاتان پەتای کۆرۆنایان وەکو بیانوویەک بۆ سنوردارکردنی مافەکانی مرۆڤ بەکارهێناوە


وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا 45 هەمین ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی لەسەر ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە سەرانسەری جیهاندا بڵاو کردەوە و تیایدا باس لە ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە ساڵی 2020 دەکات.

لە لە ڕاپۆرتەکانی مافەکانی مرۆڤدا باس لە مافە دانپێدانراوەکانی تاک لە ڕووی سیڤیلی، سیاسی و کارەوە دەکرێت وەک چۆن لە جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤد و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکاندا دانراوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لە بەیاننامەکەیدا دەڵێت " ڕاپۆرتەکەی 2020 گوزارشت لە ئاستەنگە بێوێنەکان دەکات کە وڵاتان بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە جیهاندا ڕووبەڕووی بوونەوە. ئەم پەتایە نەک تەنها کاریکردە سەر تەندروستی تاکەکەس، بەڵكو کاری کردە سەر تواناکانیشیان بۆ ئەوەی بتوانن بە پارێزراوی چێژ لە مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکانیان وەربگرن."

بلینکن دەشڵێت هەندێک لە وڵاتان ئەم پەتایەیان وەکو بیانوویەک بەکارهێنا بۆ سنوردارکردنی مافەکانی مرۆڤ و پەتەوکردنی دەسەڵاتی تاکڕەوانەیان، لە هەمان کاتیشدا هەندێک لە وڵاتانی تر پشتیان بە بەهاخۆجێهییەکان و ڕێکارەکان بەسەت لە ناویاندا، میدیای ئازاد، شەفافیەت و بەرپرسیارێتی بۆ ئاگادارکردنەوە و پاراستنی هاووڵاتیانیان.

لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوەش کراوە ژنان و منداڵان ڕووبەڕووی مەترسی زیاتر بوونەوە لە کاتێکدا ڕووداوەکانی لەسەر بنەمای جێندەر و توندوتیژیی خێزانیش بەهۆی مانەوە لەماڵەوە و لەدەستدانی پاراستنی نەریتە کۆمەڵایەتییەکان زیادیان کرد.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەشڵێت خەڵکانێکی زۆر لە ساڵی 2020 دابەردەوام لە ڕەوشێکی زۆر ناهەمواردابوون. ئەو دەڵێت " لە چین دەسەڵاتدارانی حکومەت جینۆسایدیان دژ بە ئویغورەکان ئەنجام دا کە بە شێوەیەکی زۆر موسڵمانن، و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لەوانەدا زیندانی کردن، ئەشکەنجەدان،پاکتاوکردنی نەژادی و چەوساندنەوە دژی ئویغورەکان و ئەندامانی گروپە کەمینە ئاینی و نەژادیەکانی تر ئەنجام دراوە".

هەروەها دەشڵێت "کارە دڕندانەکانی ئەسەد بەبێ وچان لە دژی خەڵکی سوریا بەردەوام بوو، و ئەم ساڵ دە ساڵە ئەوان خەبات دەکەن بۆ ئەوەی بە ئازادی و کەرامەتەوە ژیان بەسەربەرن. شەڕی یەمەن وای کرد ملیۆنان کەس پێویستییەکی زۆریان بە پێداویستی مرۆیی هەبێت، ئەمەش ڕێگەی مافە سادەکانیان لێ دەگرێت. حکومەتی ڕوسیا جودابیران و خۆپیشاندەرانی ئاشتیخوازانەی کردە ئامانج، لە کاتێکدا گەندەڵی کاربەدەستانبەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە. گەندەڵییەکانی نیکۆلاس مادۆرۆ زیادی کردووە لە بەرامبەر قەیرانەکانی مافەکانی مرۆڤی گەلی ڤینزوێلا."

لەم ڕاپۆرتەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکادا بە وردی باس لە ڕەوشی مافەکان مرۆڤی زۆربەی وڵاتانی جیهان کراوە و ڕاپۆرتەکە پێشکەش بە کۆنگرێس کراوە.

لە ماوەی داهاتوودا بە وردی باس لەو بەشانەی ڕاپۆرتەکە دەکەین کە لەسەر ئێران، سوریا، تورکیا و عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە گوتراوە.

XS
SM
MD
LG