Accessibility links

نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئەفغانستان لە گەشتێکدا بۆ تورکیا و ناوچەکە بەڕێدەکەوێت


وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئەفغانستان زاڵمای خەلیلزاد بۆ تورکیا و هەرێمەکە بەڕێکەوتووە لە هەوڵێکیدا بۆ قائیلکردنی لایەنەکانی ئەفغانستان تا وتووێژەکانیان بۆ کۆتاییهێنان بە ناوکۆکییەکانی هەرێمەکە خێرا بکەن.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە سەرۆک جۆو بایدن بڕیاری دەدات لەسەر دووا مەوڵەتی 1 ی مانگی 5 بۆ ئەگەری کشانەوەی 3 هەزارو 500 سەربازی ئەمەریکا لە ئەفغانستان. بە پێی ئەو ڕێککەوتنەی بەڕێوەبەرایەتی ترامپ لەگەڵ تالیبان ئەنجام درا دەبێت تەواوی سەربازانی ئەمەریکا تا ئەو کاتە بکشێنەوە لە ئەفغانستان.

بەڕێوەبەرایەتی بایدن هەوڵیداوە فشارێکی نێودەوڵەتی لەسەر تاڵیبان و حکومەتی ئەفغانستان کە لەلایەن ئەمەریکاوە پشتگیری دەکرێت دروست بکرێت بۆ گەیشتن بەڕێککەوتنێکی ئاشتی و ئاگربەست پێش وادەی کۆتایی .

وەزارەتی دەرەوە لە بەیاننامەکەیدا دەڵێت " ئەو دوو لایەنەکە بەشدار دەکات لە هەوڵەکانی ئامادەکاری بۆ وتووێژکردن لەسەر ڕێککەوتنی سیاسی کە ئاگربەستێکی هەمیشەیی و ئاشتییەکی بەردەوام بەرهەم بهێنێت."

تالیبان ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند هێرشەکانی دژ بە هێزە بیانییەکان دەستپێدەکاتەوە، کە بە پێی ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ ئەمەریکا ڕایگرتبوو، ئەگەر بێتو هێزەکان لە کاتی دیاری کراو بەدواوە لە وڵاتەکە بمێننەوە.

سەرۆک بایدنیش ڕؤژی پێنجشەممە گوتی سەختە لەوادەی دیاری کراودا هێزەکان بکشێنینەوە، کە پێویستە 7 هەزار هێزی هاوپەیمانانیش بکشێنەوە.

تاڵیبان گوتی پابەندە بەو ڕێککەوتنەوە کە بە " ژیرانەترین و کورتترین ڕێگا " ناوزەند کردووە بۆ کۆتایی هێنان بە 20 ساڵ شەڕ لە ئەفغانستان.

XS
SM
MD
LG