Accessibility links

کێشەی ئاو لە نێوان ئەفغانستان و ئێران


ڕووباری هێڵماند

ئەشرەف غەنی سەرۆکی ئەفغانستان ڕۆژی چوارشەممە گوتی وڵاتەکەی پابەندە بە پێدانی بەشی پێویست لە ئاو بە ئێران لە ژێر پەیماننامەیەکی دوو قۆڵی دەیان ساڵە بەڵام جەختی کردەوە کە تاران دەبێت نرخی هەر پێداویستییەکی زیاترلەوەی کە لە ڕێککەوتنەکەدا هەیە بدات.

غەنی لە میانەی وتارێکی تەلەفیزیۆنی پاش مەڕاسیمی کردنەوەی بەنداوی کەمال خان لە پارێزگای نیمروزی باشوری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە گوتی " ئێمە ڕێز لە بەڵێنەکانمان دەگرین، هەر شتێک لە دەرەوەی بەشە دیاریکراوەکان بێت پێویستی بە گفتوگۆ هەیە".

غەنی گوتیشی " ئەگەر نەوتمان بدەنێ ئەوا دەتوانن داوای ئاوی زیاتر بکەن، یان شتێکمان لە بری پێبدرێت"، غەنی سوربوو لەسەر ئەوەی لەمەو دوا ئەفغانستان " ئاوی خۆڕایی نادات بە هیچ کەس."

سەرۆکی ئەفغانستان ئەشرەف غەنی، سەردانی پێشانگایەکی کلتوری دەکات
سەرۆکی ئەفغانستان ئەشرەف غەنی، سەردانی پێشانگایەکی کلتوری دەکات

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ لێدوانێک لەلایەن تارانەوە لەسەر ئەم پێداگرییەی سەرۆکی ئەفغانستان نەدراوە.

ئێران کە وڵاتێکی خوارتری ڕووبارەکەیە، ماوەیەکی زۆرە ناڕەزایی لە کردنەوەی بەنداوی کەمال خان دەربڕیوە و دەڵێت کە بە توندی کاردەکاتە سەر ڕۆچوونی ئاو لە ڕووباری هێلماندەوە بۆ ناو پارێزگای سیتان بەلووچستان لە ئێران و دەبێتە هۆی ناسەقامگیربوونی.

بەرپرسانی ئەفغانستان هەڵسەنگاندنەکانی ئێران ڕەتدەکەنەوە و پرۆژەکە بە بەرژەوەندی دوولایەنە وەسف دەکەن. ئەوان دەڵێن بەنداوەکە یارمەتی وڵاتەکەیان دەدات بۆ بەڕێوەبردنی لێشاوی ئاو و دڵنیابوون لەوەی ئێران بەشی خۆی بە دەستدەگات.

کابول و تاران لە ساڵی 1973 ڕێککەوتنێکیان واژۆ کردووە بۆ دابەشکردنی ئاوی ڕووباری هێلماند.

لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ڕێککەوتنە نە پشتیوانی کرا و نەجێبەجێ کرا بەهۆی دەیان ساڵی ئاژاوەو گرفتی سیاسی و شەڕی ئەفغانستان، بەڵام ئەمە ژێرخانی ئاودێری وڵاتەکەی لە گرفتا هێشتۆتەوە.

ئەو بەنداوە نوێیەی کە تێچوونەکەی نزیکی 110 ملیۆن دۆلار بوو، لە ناوچەی چاهار بۆرژاکی پارێزگای نیمروز لە سنوری ئێران دروست کراوە.

بەنداوی کەمال خان
بەنداوی کەمال خان

دروستکردنی ئەو بەنداوە نزیکەی 50 ساڵ لەمەوبەر دەستیپێکرد بەڵام بەهۆی ناکۆکییەکانی لایەنەکانی ئەفغانستان لە ناوەڕاستی ساڵی 1970کانەوە و پاشان داگیکردنی لەشکری لەلایەن یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو پرۆژەکەی هەتا ساڵی 2011 ڕاگرت و لەوکاتەوە دەستیپێکردەوە.

کاربەدەستانی ئەفغانستان ڕۆژی چوارشەممە ڕایانگەیاند، ئەو بەنداوەی کە توانایی هەڵگرتنی 52 ملیۆن مەتر سێجای ئاوی هەیە، 174 هەزار هێکتار زەوی کشتوکاڵی ئاودێری دەکات و نزیکەی نۆ مێگاوات کارەبا بەرهەمدێنێت.

بە پێی ڕاپۆرتان کاربەدەستانی ئێرانی گازندەی ئەوە دەکەن بەهۆی بەنداوی ئەفغانستانەوە ڕۆچوونی ئاو بۆ ناو ئێران کەمی کردووە.

کاربەدەستانی ئەفغانیش دەڵێن گوایە ئێران پەیوەندییەکانی پتەوی لەگەڵ تالیبان دروست کردووە بۆ فشار خستنە سەر کابول تا دروستکرنی بەنداوەکە ڕابگرێت.

تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئەفغانستان لە ڕاپۆرتێکیدا کە ڕۆژی چوارشەممە پەخشی کردووە بانگەشەی ئەوەی کردووە لە ماوەی دروستکردنی بەنداوەکەدا هێرشەکانی تاڵیبان35 کەسیان کوشتووە و بریندار کردووە لەناویاندا پاسەوانانی ئاسایش و شارەزایانی پەیوەست بە پڕۆژەکە.

تالیبان ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە و تاران دەڵێن پەیوەندییەکانی لەگەڵ تالیبان بە مەبەستی هاندانی هەردوولایە بۆ وتووێژکردن چارەسەری سیاسی بۆ ئەو وڵاتەی ماوەیەکی زۆرە شەڕی تێدایە.

بە پێی ڕاپۆرتێکی ئەم دواییانەی نێوەندی ئەنجومەنی ئەتلانتیک بەشی باشوری ئاسیا، ناکۆکی لەسەر ئاو لە نێوان ئێران و ئەفغانستان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1870 کان کاتێک ئەفغانستان لە ژێر دەسەڵاتی کۆلۆنی بەریتانیادا بوو. ڕاپۆرتەکە دەڵێت ئەفسەرێکی بەریتانی سنوری نێوان ئەفغانستان و ئێرانی بە درێژایی بەشی سەرەکی ڕووباری هێڵماند کێشاوە.

ڕاپۆرتەکە دەشڵێت لە ساڵی 1939 حکومەتی ڕەزا شا پەهلەوی ئێران و محەمەد زاهیر شای ئەفغانستان ڕێککەوتنێکیان بۆ دابەشکردنی ئاوی رووبارەکە مۆر کرد بەڵام ئەفغانییەکان نەیانتوانی پشتیوانی بکەن.




XS
SM
MD
LG