Accessibility links

میسییەکەی میسر سەردانی منداڵانی بێخێزان دەکات


منداڵان لە خانەیەکی منداڵانی بێخێزان لە شاری زاگازیگی میسر ڕەنگە هەرگیز یاریزان لیۆنێل میسی یانەی بەرشەلۆنایان نەبینیبێت، بەڵام زۆر خۆشحاڵن بە بینینی ئیسلام بەتا هاوشێوەی ئەو یاریزانە. منداڵان لە دەوری کۆدەبنەوەو وێنەی لەگەڵدا دەگرن.

کاتێک ئەم جۆرە جۆشوخرۆشە دەبینێت بەتای وێنەکێشی میسری تەمەن 27 ساڵان زۆر خۆشحاڵ دەبێت کە شێوەی لەو یاریزانە ئەرجەنتینییە دەکات و کراسی تیمی بەرشەلۆنا لەبەردەکات و لەگەڵ خەڵکیدا بۆ وێنە دەوەستێت و لەگەڵ منداڵاندا یاری دەکات.

لە میانەی دیمانەیەکدا بە ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە " کاتێک ڕیشم دانا، هاوڕێکانم پێیان دەگوتم لە میسی دەچم. کاتێک ڕیشم زیاتر بوو، لێکچوونەکەمان زیاتر بوو."

ئەو گوتیشی " دڵخۆشی منداڵان بەوەی لە میسی دەچم وەسف ناکرێت. کاتێک کەسێک دڵخۆش دەکەیت، خوا پاداشتت دەدات. منیش دەمەوێت ئەم خۆشحاڵییەیان پێ ببەخشم."

یەکێک لەو منداڵانەی کە یاری لەگەڵ بەتا دەکەن عەمار ئەشرییە. ئەو دەڵێت " زۆر خۆشحاڵ بووم هەستم دەکرد میسی خۆی هاتووە یاریمان لەگەڵدا بکات."

ئەو گوتیشی ئێستا من دەخوازم یاریزانی یانەی لیڤەرپوڵ محەمەد سەڵاح ببینم.

XS
SM
MD
LG