Accessibility links

زانیاری لەسەر گومانباری سەرەکی هێرشەکەی کۆلۆرادۆ


دەسەڵاتدارانی فیدراڵی و خۆجێهی لە ویلایەتی کۆلۆرادۆی ئەمەریکا دەڵێن لێکۆڵینەوە لە ڕابردووی ئەو پیاوە دەکەن کە تۆمەتبارە بە کوشتنی 10 کەس لە بازارێکی خواردەمەنی شاری بولدەر لەم هەفتەیەد ا.

ئەحمەد ئەلعەلیوی ئەلعیسا ڕۆژی دووشەممە لە بازاڕی کینگ سووپەرس دەستگیرکرا کە نزیکەی 25 کیلۆمەتر لە ماڵەکەیەوە لە شاری ئارڤادا دوور بوو.

پۆلیس ڕایگەیاند ئەفسەرەکان ژمارەیەک لەو کەرەستانەیان دۆزیوەتەوە کە تۆمەتبارەکە لە شوێنی هێرشەکە لایبردووە، ئەو شتانە بریتین لە هەڵەکێکی سەوز، تفەنگێک و دەمانچەیەک ، لەگەڵ پانتۆڵێکی کابۆو و کراسێک . بەڵگەنامەکانی پۆلیس ئاماژە بەوە دەکەن کە " خوێنێکی زۆر بە شتەکانەوە بووە."

پاش دەستگیرکردنی پۆلیس ئەلعیسای برد بۆ نەخۆشخانە بۆ چارەسەرکردنی برینەکەی قاچی کە بە فیشەک بریندار بوو.

ئەو بەڵگەنامەیەی پۆلیس ئاماژە بەوەش ئەلعیسا شەش ڕۆژ پێش ئەو هێرشە دەمانچەیەکی جۆری AR-556 ی کڕیوە.

بەڵگەنامەکانی پۆلیس باس لە وتووێژێکی لێکۆڵەران لەگەڵ براژنی ئەلعیساش دەکات پاش ڕووداوەکە. ئەو بە لێکۆڵەرانی گوتووە چەند ڕۆژێک بەر لەو هێرشە، ئەلعیسا چەکێکی وەکو کلاشینکۆفی پێبووە.

ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیەیتد ڕادەگەیەنێت بە پێی کاربەدەستێکی چەسپاندنی یاسا کە کار لەسەر دۆسێکە دەکات، بنەماڵەی ئەلعیسا بە لێکۆڵەرانیان گوتووە لەو بڕوایەدان جۆرە نەخۆشییەکی دەرونی هەبووە و لەبەرخۆیەوە قسەی کردووە. براکەی ئەلعیسا بە کەناڵی CNNی ڕاگەیاندووە لە ساڵی 2014 وە زۆر گومانی هەبووە و هەستیکردووەدوای دەکەون.

خێزانەکەی ئەلعیسا لە سوریاوە هاتوون بۆ ئەمەریکا و کاربەدەستان دەڵێن زۆربەی ژیانی لە ئەمەریکا ژیاوە.

لێکۆلەر دەیڤید سنلینگ لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئارڤادا دەڵێت پۆلیس دوو جار تا ئێستا پەیوەندیان لەگەڵ ئەو گومانبارەدا هەبووە ، جارێکیان لە ساڵی 2017 کاتێک لە دووا ناوەندی لە هاوپۆلێکی خۆی داوە جارێکیش لە مانگی دووی ئەم ساڵ بەهۆی خێرا هاژوتنی ئۆتۆمبێلەوە سزای دارایی دراوە.

بڕیارە ئەحمەد ئەلعەلیوی ئەلعیسا ڕۆژی پێنجشەممە لە دادگا ئامادە بێت.

XS
SM
MD
LG