Accessibility links

یونسێف دەڵێت %90 ی منداڵانی سوریا پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە


سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی چوارشەممە گوتی بارودۆخی سوریای بە شەڕ وێران بوو " وەک کابوسێکی زیندوو دەمێنێتەوە " دەساڵ پاش ئەوەی حکومەت هەوڵی دا بە شێوەیەکی توندوتیژ انە خۆپیشاندانی ئاشتیانە سەرکوت بکات و وڵاتەکەی خستە نێو شەڕی ناوخۆوە.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس گوتی "سەدان هەزار هاووڵاتی سوریایی گیانیان لەدەستداوە. ملیۆنان ئاوارە بوون. ژمارەیەکی زۆر کەسی تر بە نایاسایی لە زیندان ماونەتەوەو زۆر جار ئەشکەنجە دەدرێن، وونبوون، بێسەروشوێن کراون، یان لە ڕەوشێکی نادڵنیایی و بێبەشکردندا دەژین." ئەو گوتیشی " دە ساڵە جیهان لە وێرانبوون و خوێنڕشتنی سوریا دەڕوانێت."

ئەو سرودێکی لەسەر ئەو دڕندایەتییانە خوێندەوە کە دژ بە گەلی سوریا ئەنجام دراون: بۆردومان کردنی ماڵەکان، خوێندنگاکان و نەخۆشخانەکان، گەمارۆدان و برسیکردنی ئەو خەڵکە سڤیلەی کە دژی دەسەڵاتی سەرۆک بەشداری ئەسەدن، هێرشی چەکی کیمیایی دژی خەڵکی سڤیل، دەستبەسەرداگرتنی ناوچەکان لەلایەن تیرۆرستانەوە و ئاژاوەو خراپمامەڵە کردن لەگەڵ خەڵکی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان.

گوتێرس گوتی " ئەستەمە بە تەواوەتی گوزارشت لە ئاستی وێرانکارییەکانی سوریا بکرێت، بەڵام خەڵکەکەی ڕووبەڕووی هەندێک لە تاوانە هەرە گەورەکانی کە جیهان لەم سەدەیادا بینیویەتی بوونەتەوە."

ئەو داوایکرد ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە بەرپرسیار بکرێن.

دەرەنجامەکانی ناکۆکییەکە

پێنج ملیۆن و نیو سوریایی بۆ وڵاتانی دراوسێ هەڵهاتوون یان گەشتی مەترسیداریان بۆ ئەوروپا کردووە لە پێناو سەلامەتی . لەو کەسانەی کە لە ناو وڵاتەکە ماونەتەوە شەش ملیۆن و 700 هەزار کەس ئاوارەن و زیاتر لە نیوەی دانیشتوانیش لەمەترسی ئەوەدان خۆراکیان نەمێنێت.

گوتیرس لە سەکۆکەی دەرەوەی ژووری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان قسەکانی کرد. ئەو ئەنجومەنە 15 ئەندامییە بە شێوەیەکی بەرچاو لە بەرامبەر بارودۆخەکە لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا ئیفلیج بووە.

ڕوسیا، هاوپەیمانی سەرەکی ئەسەد، زیاتر لە دە جار مافی ڤیتۆی بەکارهێناوە بۆ ڕێگریکردن لە سزاکان و کردارەکانی دیکەی کە ڕەنگە یارمەتیدەربوونایە بۆ کۆتاییهێنان بە خوێنڕشتنەکە. هەروەها هەمان هێزی بەکارهێناوە بۆ سنوردارکردنی یارمەتییە مرۆییەکان کە دەشێت هاوکاری ئەو هاوڵاتیانە بکات کە لە ناوچەکانیژێر دەستی ئۆپۆزسیۆن لە باکوری وڵاتەکە دەژین.

مۆسکۆ لە کۆتایی ساڵی 2015ەوە پشتیوانی لە سوپای سوریا دەکات، لەوکاتەی کە ئەسەدی لە لێواری لەدەستدانی دەسەڵاتدا پاراست.ئەسەد ئەمڕۆ هێشتا لە دەسەڵات ماوەتەوە.

کاتێک لەلایەن پەیامنێرێکەوە پرسیار لە گوێتێرس کرا لەسەر ئەوەی ئایا کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بووە مایەی شکستی خەڵکی سوریا، گوێتێرس گوتی " ئاشکرایە ئەگەر شەڕ 10 ساڵ بخایەنێت، ئەوا ئەو سیستمی بەڕێوەبردنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەی کە هەمانە کاریگەر نییە. ئەمە شتێکە کە دەبوو سەرچاوەی ڕەنگدانەوەی هەمە ئەوانەبێت کە تێوەگلاون."

ئەو گوتیشی لایەنەکان دەرفەتیان هەیە خواستی خۆیان بۆ دۆزینەوەی زەمینەیەکی هاوبەش بدۆزنەوەو دان بە خواستی هەمو سوریاییەکان بنێن بۆ دوورکەوتنەوە لە دۆخی بەردەوامی شەڕ لە وڵاتەکە.

ئەو گوتیشی " سەرنەکەوتن لە ئەنجامدانی ئەم کارە تەنها خەڵکی سوریا زیاتر بەرەو نەهامەتی دەبات. ئێمەش ناتوانین ڕێگە بدەین ئەمە ڕووبدات."

ئاژانسی منداڵانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان یونسێف ( UNICEF) دەڵێت %90 ی منداڵانی سوریا پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە ئەمەش بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو %20 زیادی کردووە.

ئاژانسەکە دەڵێت بە تایبەتی بارودۆخی باکوری سوریا ترسناکە لە کاتێکدا زیاتر لە %75 ی سەرپێچییەکانی ساڵی 2020 لە باکوری ڕۆژئاوای وڵاتەکە تۆمار کراون. ملیۆنان منداڵ لە باکوری وڵات ئاوارە بوون پاش ئەوەی خێزانەکانیان ناچاربوون چەندجارێک هەڵبێن و بە شوێن جێیەکی سەلامتدا بگەڕێن.

هەروەها UNICEFڕایشیگەیاند لە سەرانسەری باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا 27 هەزار منداڵ و هەزاران منداڵی ئەو خێزانانەی کە پەیوەندییان بە گروپە چەکدارەکانەوە هەبووە لە کەمپەکان و نێوەندەکانی گرتندان. ئاماژەی بەوەش کرد زیادبوونی توندوتیژی لە کەمپی ئەلهۆل جەخت لە پێداویستی چارەسەرێکی درێژدەم دەکاتەوە.

ئاژانسی کاروباری منداڵانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەشڵێت " هیچ کەس لەم شەڕەدا براوە نییە، و گەورەترین شکستیش دراوە بە منداڵانی سوریا. کاتی ئەوە هەتووە لایەنە بەشەڕچووەکان چەکەکانیان دانێن و بێنە سەر مێزی دانوستاندن. ئاشتی و دیپلۆماسی تەنها ڕێگەیە بۆ دەرچوون لەم دۆزەخە."

XS
SM
MD
LG