Accessibility links

کۆبونەوەی نێوان پاپا فرانسیس و ئایەتوڵا عەلی سیستانی


پاپا فرانسیس ڕێبەری کاتۆلیکەکانی جیهان ڕۆژی شەممە لە عێڕاق چاوی بە ڕێبەری باڵای شیعە ئاینزاکان ئایەتوڵا عەلی سیستانی کەوت.

ئەو دانیشتنە مێژووییەی کە لە نێوان پاپای تەمەن 84 ساڵ و سیستانی تەمەن 90 ساڵ ڕوویدا لە ماڵەکەی سیستانی لە شاری پیرۆزی نەجەف بەڕێوەچوو.

سیستانی گوتی کرستیانەکان هەمان مافی عێراقییەکانی تریان هەیە و دەبێت ژیانی ئاشتیانەیان هەبێت . سیستانی یەکێکە لەگرنگترین کەسایەتیەکانی موسوڵمانە شیعە ئاینزاکان و کاریگەری بەرچاوی لە عێراق و شوێنەکانی تریش هەیە.

کرستیانەکانی عێراق هیوادارن لێدوانەکەی سیستانی و پەیامەکەی پاپا فرانسیس بۆ پێکەوە ژیان هاوکاربن بۆ ئاسانکردنی ژیانیان لەو وڵاتە زۆرینە موسوڵمانەدا کە زۆربەی جار دەکەوتنە بەر هێرشی ئەندامانی ملیشا شیعەکان و توندڕەوان.

کاربەدەستێکی ئاینی لە نەجەف بە ئاژانسی ئەسۆشیەیتدی ڕاگەیاندووە کۆبونەوەکە " سەردانێکی تایبەتی بێپێشینەیە لە مێژوودا، و جیاوازە لە هەمو کۆبونەوەکانی پێشوتر."

کۆبونەوەی ئەو دوو کەسایەتییە ئاینییە هاوکاتە لەگەڵ مەترسییەکانی شیانی هێرشی موشەکی بۆ سەر عێڕاق لەلایەن گروپەکانی سەر بە ئێرانەوە و هەروەها پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا.

پاش کۆبونەوەکەی لەگەڵ سیستانی، فرانسیس بەشداری لە کۆبونەوەیەکی نێوان ئاینەکان کرد لە شاری دێرینی ئوور کە جارێکی تر لەوێ جەختی کردەوە لەسەر پێکەوە ژیانی ئاشتیانە.

پاپا فرانسیس لە وتارەکەیدا گوتی " لەم خاکەوە، کە بڕوای ئاینی لە دایک بوو، لە خاکی باوکمان ئیبراهیمەوە، با جەختبکەینەوە لەوەی خوا میهرەبانە و گەورەترین کفریش ئەوەیە ناوی بەکاربهێنین بۆ ڕق لە براو خوشکەکانمان."

بڕوا دەکرێت شاری ئوور شوێنی لە دایکبوونی پێغەمبەر ئیبراهیم بێت، کە لەلایەن سێ ئاینی سەرەکییەوە ڕێزی لێ دەگیرێت، ئیسلام، جوو و کرستیان.

دواتر ڕۆژی شەممە پاپا نوێژ و نزای جەماوەری لە کەنیسەی کلدانی سەینت جۆزێف لە بەغدا بەڕێوە دەبات.

بەر لە کۆتاییهێنان بە سەردانەکەی لە عێڕاق پاپا سەردانی شارەکانی موسڵ، هەولێر و قەرەقۆشیش دەکات.

بڕیارە پاشنیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە پاپا لە هەولێر نوێژو نزای بە کۆمەڵ بەڕێوە ببات. هەرچەندە مەڕاسیمەکە لە شوێنێکی کراوە ئەنجام دەدرێت بەڵام بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا ژمارەی ئامادەبوان سنورداردەبێت بۆ 10 هەزار کەس.

بوونی کرستیان لە عێراق بۆ سەدەکانی یەکەمی ئاینەکە دەگەرێتەوە، بەڵام ئەمڕۆ تەنها چەند سەد هەزار کرستیانێک لەو وڵاتە ماونەتەوە .

ئەم سەردانەی بۆ عێراق 33 هەمین سەردانی پاپا فرانسسە بۆ دەرەوەی ئیتالیا بەڵام یەکەم سەردانییەتی لەماوەی 15 مانگی ڕابردوودا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە.

ئەو کەسایەتییە گەورە ئاینییە ڕۆژی دووشەممە دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆما.


XS
SM
MD
LG