Accessibility links

ڕاپۆرتی هەواڵگری ئەمەریکا: جێنشینی سعودیە دەستگیر کردن یان کوشتنی خاشوقچی پەسەند کردبوو


دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا ڕۆژی هەینی ڕاپۆرتێکی لەسەر کوشتنەکەی ڕۆژنامەوان جەمال خاشوقچی بڵاوکردەوە کە تیایدا ئاماژە بەوە دەکات محەمەد بن سەلمانی شازادەی جێنشینی سعودیە دەستگیرکردن یان کوشتنی ئەو ڕۆژنامەوانە بەرهەڵستەی پەسەند کردووە.

خاشوقچی کە دانیشتوویەکی ئەمەریکا بوو و نوسینە بیروڕاکانی لە ڕۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاو دەکردەوەو ڕەخنەگری ڕێبازەکانی شازادەی جێنشینی سعودیە بوو، لەلایەن تیمێکی سەربە شازادەی جێنشیەوە لە ناو کۆنسۆڵخانەی سعودیە لە ساڵی 2018لە ئەستەنبوڵ کوژراو تەرمەکەی لەت لەت کرا.

ڕیاز نکوڵی لەوە کردووە کە ئەو ڕێبەرە دیفاکتۆیەی وڵاتەکە دەستی لە کوشتنەکەدا هەبوبێت.

ئۆفیسی بەڕیوەبەرایەتی هەواڵگری نیشتمانی ئەمەریکا لە ڕاپۆرتەکەی کە لەسەر ماڵپەڕەکەیدا بڵاوی کردووەتەوە دەڵێت " بە پێی هەڵسەنگاندنەکانی ئێمە شازادەی جێنشینی عەرەبستانی سعودیە محەمەد بن سەلمان ئۆپەراسیۆنێکی لە ئەستەنبوڵی تورکیا پەسەند کردبوو بۆ دەستگیرکردن یان کوشتنی ڕۆژنامەوان جەمال خاشوقچی."

هەروەها دەشڵێت "ئەم هەڵسەنگاندنە بە بنەما دادەنێین لەسەر کۆنترۆڵکردنی بڕیارەکانی شازادەی جێنشین لە سعودیە، تێوەگلانی ڕاستەوخۆی ڕاوێژکارێکی سەرەکی و ئەندامانی دەستەی پاراستنی محەمەد بن سەلمان لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، هەروەها پشتگیریی شازادەی جێنشین بۆ بەکارهێنانی ڕێوشوێنە توندوتیژەکان بە بەمەستی بێدەنگکردنی جودابیران لە دەرەوەی وڵات، لەوانەدا خاشوقچیش."

بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە لە کاتێکدایە کە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لەڕێی پەیوەندییەکی تەلەفونیەوە قسەی لەگەڵ شا سەلمان بن عەبدولعەزیدی سعودیەدا کردووە و جەختی لە گرنگی مافەکانی مرۆڤ کردۆتەوە و بەڵێنیداوە پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە بەهێزتر بکات.

کۆشکی سپی ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند " سەرۆک بایدن جەختی لە گرنگی مافەکانی مرۆڤ و فەرمانڕەوایی یاسا کردۆتەوە لە جیهاندا و هەردوو سەرۆک تاوتوێی پابەندبوونی ئەمەریکایان کردووە بە یارمەتیدانی سعودیەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشی گروپەکانی سەر بە ئێراندا."

XS
SM
MD
LG