Accessibility links

ڕێککەوتی پاکستان و هیندستان بۆ نوێکردنەوەی ئاگربەست لە کەشمیر


پاکستان و هیندستان ڕازی بوون بە دەستبەجێ وەستاندنی دوژمنایەتی سەربازی لە کەشمیری مشتومڕلەسەر بە نوێکردنەوەی ئاگربەستی ساڵی 2003 بۆ کەمکردنەوەی بارگرژییەکان لە نێوان هەردوو وڵاتی نەیاری خاوەن چەکی ناوکی.

ئەو دوو وڵاتە لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایانگەیاند فەرماندە سەربازییە پلە بەرزەکانیان قسەیان " لەسەر میکانیزمی دروستکردنی هێکی پەیوەندی ڕاستەوخۆ بۆ چارەسەرکردنی دەستبەجێی هەر ڕووداوێکی نەخوازراو کردووە" و لە " کەشێکی ئازاد، ڕاشکاوانە و دۆستانەدا" پێداچوونەوەیان بەسەر بارودۆخی هێڵی کۆنترۆڵی کەشمیرکە لە نێوان هیندستان و پاکستاندا دابەش بووە کردووە.

بەپێی دەقی ئەو بەیاننامەیەی کە لەلایەن لەشکری پاکستانەوە بڵاوکراوەتەوە " هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە چاودێری توندی هەموو ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتن و ئاگربەستێک بکەن." هەروەها دەشڵێت ڕێککەوتنەکە لە کاتژمێری 12 ی شەوی 24 لەسەر 25 ی مانگی 2 ی ساڵی 2021 دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

هەروەها لە بەیاننامەکەدا ڕایشگەیەندراوە " لەبەر بەرژەوەندی دوولایەنە و ئاشتی بەردەوام هەوردوو لا قایل بوون بە چارەسەرکردنی نیگەرانییە سەرەکییەکانی یەکتر کە دەبوون بە هۆی توندوتیژی." هەرچەندە زانیاری ورد لەسەر ئەو نیگەرانییانە نەخراوەتەو ڕوو.

فەرماندە سەربازییەکانی هیندستان و پاکستان لە گفتوگۆکەیاندا جەختیان لە پێویستی بەکارهێنانی ڕێککەوتنە دوولایەنەکەیان کردتۆەوە، لەوانە دیدارەکانی نێوان بەرپرسانی ئاسایشی سنوور، بۆ چارەسەرکردنی "هەر بارودۆخێکی پێشبینینەکراو یان لێکتێنەگەیشتن".

پەیوەندیەکەی ڕۆژی پێنجشەممەی نێوان هەردوو هێزی لەشکری لە ڕێگەی پەیوەندی هێڵی ڕاستەوخۆوە بووە پاش چەند مانگێک لە بەهۆی خراپبوونی پەیوەندییەکانی نێوان پاکستان و هیندستان ئەنجامدرا.

وەزیری دەرەوەی پاکستان شا محەمەد قورەیشی ستایشی ئەو لێکتێگەیشتنەی کرد و بە " هەنگاوێکی گرنگ" بۆ بەرەوپێشبردنی ئاشتی ناودێری کرد.

قورەیشی گوتیشی " ئەمە دەشێت ببێت بە سەرەتایەکی باش، بەڵام پێویستە هیندستان بە ڕاستگۆیانە جێبەجێی بکات."

شارەزایان لە هیندستانیش پێشوازییان لەو هەنگاوە کردووە.

ئەمیت باروا سەرنوسەری ڕۆژنامەی دی هیندو ڕایگەیاند " بەروپێشچوونێکی باشە و پێویستە بوو زۆر لە مێژە ئەم کارە بکرایە."

باروا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " ڕەنگ هیندستان و پاکستاننەیانەوێت یەکتر ببینن، بەڵام پەیوەندی هەمیشە باشە لە پێناو خەڵکی لە هەردوو بەری سنوور."

جێی باسە لەوەتای ساڵی 1947 کە هەردوو وڵات سەربەخۆییان لە بەریتانیا دەستکەوت سێ شەڕیان ئەنجام داوە کە دوانیان لەسەر کەشمیر بووە. هەردوو وڵات ئەو هەرێمەی هیمالایەن بە هی خۆیان دەزانن و ئەمڕۆش سەرچاوەی سەرەکی ناوکۆکی نێوان ئەو دوو وڵاتەی خاوەن چەکی ناوکییە لە باشوری ئاسیا.

XS
SM
MD
LG