Accessibility links

سوریا دەڵێت لە " وڵاتێکی دۆستەوە" ڤاکسینی دژە کۆرۆنای پێگەیشتووە


وەزیری تەندروستی سوریا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند لە " وڵاتێکی دۆستەوە" ڤاکسینی دژە کۆرۆنای پێگەیشتووە و لە هەفتەی داهاتۆوە دەستدەکات بە کوتانی کارمەندانی تەندروستی.

حەسەن غەباش لە لێدوانەکەیدا،کە لەلایەن ئاژانسی سانای دەنگوباسی فەرمی سوریاوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە ناکات چ وڵاتێک ڤاکسینەکانی بۆیان دابین کردووەو یان چەند بەشە ڤاکسین گەیشتووە.

کاربەدەستانی تەندروستی لە ڕابردوودا ڕایانگەیاندبوو سوریا لەگەڵ ڕوسیا و چیندا لە پەیوەندیدایە بۆ وەرگرتنی ڤاکسینی دژی کۆرۆنا بەڵام هەتا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێکی دوولایەنە ڕانەگەیەندراوە.

چین لە سەرەتای ئەم مانگە ڕایگەیاند 150 هەزار بەشە ڤاکسینی کۆرۆنا وەکو هاوکاری بۆ سوریا دەنێرێت، بەڵام سەرچاوەیەک ڕۆژی پێنجشەممە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند هەتا ئێستا ئەو ڤاکسینانەی کە چین بەڵێنی دابوو نەنێردراون.

میدیاکانی ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە، ئیسرائیل رازی بووە بەوەی پارەی کڕینی ڤاکسینە روسیاییەکە بۆ سوریای نەیاری لەمێژینەی بدات، لە بەرامبەر مسۆگەرکردنی ئازادکردنی ئەو ژنە ئیسرائیلییەی لە لایەن سوریاوە دەسگیرکرابوو کە لە هەفتەی ڕابردوو ئازاد کرا.

ئۆفیسی سەرۆک وەزیری ئیسرائیلی بنیامین نەتەنیاهۆ ئامادە نەبوو لەسەر ئەو ڕاپۆرتانە هیچ لێدوانێک بدات. هەروەها هیچ لێدوانێکیشی لەسەر ئەو ڕاپۆرتە نەدا کە سوریا دەڵێت لە وڵاتێکی " دۆست" ڤاکسینەکانی پێگەیشتووە.

هاوکات RDIF، سندوقی سامانە سەربەخۆکانی ڕوسیاش کە بەرپرسیارە لە دروستکردنی ڤاکسینی سپۆتینک ڤی ڕوسیایی لە دەرەوە، لەو بارەیەوە هیچ لێدوانێکی نەدا.

XS
SM
MD
LG