Accessibility links

ئیتاڵیا داوای ڕوونکردنەوە لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات لەسەر کوژرانی نوێنەرەکەی لە کۆنگۆ


ئیتاڵیا داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد " وەڵامێکی ڕوون بداتەوە " لەسەر کوژرانی نوێنەرەکەی لە کۆماری کۆنگۆی دیموکرات، هەروەها داواشی کرد لێکۆڵینەوەیەک لەو بارەیەوە ئەنجام بدرێت.

لە ماوەی ڕابردوودا لە هێرشێکدا بۆ سەر کاروانی ئوتومبێلەکانی بەرنامەی خۆراکی جیهانی لە کۆنگۆ، نوێنەری ئیتاڵیا لە کۆنگۆ کوژرا.

نوێنەری ئیتاڵیا لە کۆنگۆ لوکا ئاتانازیۆی تەمەن 43 ساڵ لە کەمینێکدا لە هەرێمی شمال کیڤۆی ڕۆژهەڵات لە نزیک ڕواندا بە فیشەک کوژرا.

وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا لویجی دی مایۆ لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەدا وتی " بە فەڕمی داوامان لە بەرنامەی خۆراکی جیهانی و نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە لێکۆڵینەوەیەک ئەنجام بدەن بۆ ڕوونکردنەوەی ڕووداوەکە."

وتیشی " ئەوەشمان خستۆتەڕوو ئێمە بەزووترین کات چاوەڕێی وەڵامێکی ڕوون و ئاشکرا دەکەین."

هەرێمی شمال کیڤۆ بە مەترسیدارترین ناوچەی کۆنگۆی دیموکرات دادەنرێت، بەڵام بەرپرسانی دەزگا مرۆییەکان دەڵێن ئەو ڕێگەیەی کە کاروانەکەی پێدا تێپەڕیوە پێویستی بە پاسەوانیکردن نیە.

بەڵام ئەم زانیارییانە بۆ ڕۆما بەس نیە لەکاتێکدا دەیەوێت لە هۆکاری ئەوە تێبگات چۆن دەکرێت دیبلۆماتکاران لە ناوچەیەکی مەترسیداردا بن و ڕێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنیان نەگیردرێتەبەر.

وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا ئاماژەشی بەوەدا " چاوەڕێی دەزگاکە دەکەین ڕاپۆرتێکی تەواو بدات لەسەر هەموو ئەو ڕێوشوێنە ئەمنیانەی بەرنامەی خۆراکی جیهانی گرتوویەتیەبەر بۆ پاراستنی شاندەکە."

وتیشی " نوێنەری ئیتاڵیا دەیتوانی خۆی هۆکاری گواستنەوەکانی لە وڵاتەکەدا دیاریبکات، بەڵام ڕێکخستنی ئەم سەردانە بۆ ڕۆژهەڵاتی کۆماری کۆنگۆی دیموکرات لەچوارچێوەی بەرپرسیارێتیەکانی بەرنامەی خۆراکی جیهانیدا بووە."

ئاماژەی بەوەدا " ئەرکەکە لەسەر داوای نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەچووە، لەبەرئەوە ڕێگای ئوتومبێلەکەش لەچوارچێوەی ئەو پلانانەدا بووە کە بەرنامەی خۆراکی جیهانی دایڕشتووە."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG