Accessibility links

هاووڵاتییەکی ئەمەریکایی بە تۆمەتی هەوڵی پشتیوانیکردن لە گروپێکی تیرۆرستی دادگایی دەکرێت


دانیشتوویەکی پێشووی ویلایەتی فلۆریدا کە تۆمەتباربوو بە گەشتکردن بۆ تورکیا و هەوڵدان بۆ پەیوەندیکردن بە گروپی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، ڕۆژی سێشەممە بە فەرمی تۆمەتەکە خرایە پاڵی.

دەستەیەکی سوێندخۆرانی فیدراڵی لە گەینسڤیڵ بە فەرمی محەمەد فەتحی سولەیمانی تەمەن 33 ساڵانی هاووڵاتی ئەمەریکایان تۆمەتبار کرد بەوەی هەوڵی داوە پشتگیری دارایی بۆ ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بیانی دیاریکراو دابین بکات. ئەگەر تاوانەکەی بەسەردا ساغبێتەوە ئەوا ڕووبەڕووی 20 ساڵ زیندانیکردن دەبێتەوە.

لۆرانس کیف، پارێزەر لە ناوچەی باکوری فلۆریدا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند"پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی ئەرکی سەرەکی ئەم نووسینگەیەیە، ئێمە بە تەواوی پابەندین بە رێگریکردن و تێکدان و هەڵوەشاندنەوەی پلانی هەر کەسێک کە بیەوێت پشتگیری ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بیانی دیاری کراو بکات" .

بەپێی سکاڵای تۆمارکردنی تاوان، سلێمان لە مانگی شەشی ساڵی 2014دا بلیتی گەشتێکی یەکسەری لە ئۆرلاندۆوە بۆ ئەسکەندەریەی میسر کڕیوە کە وەستانێکی لە شیکاگۆ و ئەستەمبوڵیش تێدابووە. بەڵام کاربەدەستان دەڵێن لە بری ئەوەی بچێت بۆ میسر ئەو بیلیتێکی بە پارەی نەقدی بڕیوە بۆ سنوری نێوان تورکیا و سوریا.سولێمان لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە دەستگیرکرا و تۆمەتبارکرا بە بەنایاسایی پەڕینەوە بۆ سوریا و پاشان گەڕایەوە ئەمەریکا.

کاربەدەستان دەڵێن لە گەڕان بە نێو ئیمەیلەکانیدا چەندین فایلی دەنگی دۆزراونەتەوە کە دوای جیهاد دەکات.

پارێزەرەکەی سولەیمان وەڵامی ئەو ئیمەیلەی نەداوەتەوە کە داوای زانیاری لەسەر دۆسێکە لێکراوە.

XS
SM
MD
LG