Accessibility links

هانیە قەرەئوغولانی: ڕەوشی حامیدی برام لە زینداندا خراپتر بووە لە کاتێکدا  دەسەڵاتدارانی ئێرانی ڕێگەی چارەسەری پزیشکی پێ نادەن


بنەماڵەی جودابیرێکی زیندانیکراوی ئێرانی، کە بەمدواییانە بەهۆی چالاکییە ئاشتیانەکانی سزای 14 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا ، باسی دۆسێکەی دەکەن و دەڵێن ڕەوشتی تەندروستی بەرەو خراپبوون دەڕوات لە کاتێکدا کاربەدەستانی ئێرانی نکوڵی لە چارەسەرکردنی دەکەن بۆ ئەو کێشە تەندروستییانە لە پاش دانپیانان بە تاوانی ئاسایشی لە ژێر فشاردا، بۆی دروست بووە.

لە میانەی وتووێژێک بە ڕێگای سکایپ لەگەڵ بەشی فارسی دەنگی ئەمەریکا هانیە قەرەئوغلانی لە شاری ورمێی باکوری ڕۆژاوای ئێرانەوە باسی لە تەندروستی برا چالاکوانە تەمەن 34 ساڵانەکەی کرد و گوتی ڕەوشی حامید لە زیندانی نێوەندی شارەکە خراپتر بووە کە لە مانگی 7وە دەستگیر کراوە.

بە گوێرەی ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی، کە گروپێکی مافەکانی مرۆڤی بنکە لە لەندەنە، ڕۆژی 27 مانگی شەش حامید ئەندامی کەمینە نژادی تورکە ئازەرییەکان لە ئێران، لەلایەن دەزگای هەواڵگرییەوە دەستگیر کرابوو و بۆ ماوەی دوو هەفتە لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کراوە بەرلەوەی ڕەوانەی زیندان بکرێت.

خوشکەکەی دەڵێت لەو کاتەوە دەسەڵاتدارانی ئێرانی ڕێگەی چارەسەری پزیشکییان بە حامید نەداوە کە توشی نەخۆشی پەرکەم بووە.

هانیە قەرەئوغلانی گوتیشی براکەی پێویستی بەوەیە مانگی جارێک پزیشکی دەرونی ببینێت و هەر شەش مانگ جارێکیش پزیشکی تایبەت بە مێشک ببێنێت بەڵام دەسەڵاتداران ڕێگەیان پێنەداوە لە نەخۆشخانەیەکی دەرەوەی زینانی چارەسەری بۆ بکرێت.

ئەو گوتیشی پزیشکی زیندانی ورمێش ڕەتیکردۆتەوە حامید ببینێت بەهۆی نەبوونی زانیارییەکی تایبەت بە دۆخی ئەو زیندانییە، هاوکات پزیشکی دەروونیش کە یەک دانیشتنی لەگەڵ حامیددا کردووە، زیاتر پرسیاری لە بۆچوونە سیاسیەکانی کردووە لەوەی دۆخی دەرونی لێکبداتەوە.

هانیە دەشڵێت دەسەڵاتدارانی ئێران هەوەها ڕەتیشیان کردۆتەوە ئەو دەرمانانەی پێبگات کە پزیشکی دەرەوە بۆی بنوسێت و ئەندامانی خێزانەکەی بیبەن بۆ زیندان بۆی.

ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی لە سەرەتای ئەم مانگەدا داوایەکی نارد بۆ لایەنگرانی بۆ ئەوەی نامە بۆ سەرۆکی دادوەری ئێران بنووسن داوای لێ بکەن حامید قەرەئوغلانی ئازاد بکات بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی دەستبەجێ بتوانێت چارەسەری پزیشکی وەربگرێت.

هانیە قەرەئوغلانی بە دەنگی ئەمەریکای ڕایشگەیاند لێکۆلەران فشاریان بۆ براکەی بردووە دان بە تاوانی ئاسایشیدا بنێت بەوەی هەرەشەیان لێکردووە ئەگەر ئەو کارە نەکات خوشکەکەی دەستگیر دەکرێت و دایکی دەکوژرێت. گوتیشی لە پاش ئەوەی حامید دەستگیر کرا دەزگای هەواڵگری خۆی و دایکیشیان بانگکردووە و پێیان گوتوون بێدەنگ بن لەسەر دۆسێکە و بەیاننامەیەکیان پێ مۆرکردوون کە "بێڕێزی" بە ڕێبەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامەنەئی یان " پیرۆزییەکانی ئیسلام" نەکەن.

هانیە لە هەفتەی ڕابوردوو بێدەنگی شکاند و قسەی بۆ دەنگی ئەمەریکا و کەناڵێکی تەلەفیزیۆنی نێونەتەوەیی ئێرانی بنکە لە بەریتانیا کرد.

شایانی باسە دەنگی ئەمەریکا ناتوانێت لە لایەنێکی سەربەخۆوە بارودۆخی دەستگیرکردنەکەی حامید قەرەئوغلانی یان قسەکانی خێزانەکەی لەگەڵ کاربەدەستانی ئێراندا پشتڕاست بکاتەوە چونکە ڕێگەی کارکردنی لەناو ئێراندا پێنەدراوە.

لەم چەند مانگەی دووایشدا هیچ ڕاپۆرتێک لەسەر ئەم دۆسێیە لە میدیاکانی ئێرانەوە بڵاو نەکراوەتەوە.

XS
SM
MD
LG