Accessibility links

جارێکی تر ترامپ لە ئەنجومەنی سینات بەبێ تاوان دانرا


ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا ئەمڕۆ شەممە لە دەنگدانێکدا سەرۆکی پێشوو دانۆڵد ترامپی بەبێ تاوان ناساند لە ئاست ئەو توندوتیژییانەی ڕۆژی شەشی مانگی 1 لە کۆنگرێسی ئەمەریکا ڕوویاندا، بەمەش پرۆسەی دادگاییکردنەکەی بە کۆتاییدێت.

43 کەس لە ئەندامانی ئەنجومەنی سینات دەنگیان بۆ بێتاوانی دانۆڵد ترامپ دا لە کاتێکدا 57 ئەندامی سینات ترامپیان بە تاوانبار زانی، بەڵام بۆ بەفەرمی تاوانبارکردنی پێویستی بە دوو لە سەر سێی دەنگەکان هەیە واتا 67دەنگ. دیموکراتەکان پێویستیان بە 17 دەنگی ئەندامە کۆمارییەکان هەبوو بۆ تاوانبارکردنی سەرۆکی پێشوو بەڵام تەنها 7 کۆماری دەنگیان خستە پاڵ تەواوی دیموکراتەکان و ترامپیان بە تاوانبار لە قەڵەمدا.

سەرۆکی پێشوو دانۆڵد ترامپ لای خۆیەوە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا سوپاسی تیمی پارێزەرانی خۆی کرد و هەروەها گوتی " لە ناخی دڵمەوە سوپاسی زۆر سوپاسی ئەو سیناتۆر و ئەندامانەی کۆنگرێس دەکەم کە لەم دۆسێیەدا بەشانازییەوە بەرگریان لە دەستوور و ئەو پرنسیپە یاساییانە کرد کە لە دڵی وڵاتەکەماندایە."

جێی ئاماژەیە ئەمە دووهەم جارە دانۆڵد ترامپ لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە ئیمپیچبکرێت بەڵام لەلایەن ئەنجومەنی سیناتەوە بەبێتاوان دەردەچێت.

لە پرۆسەی دادگاییکردنەکەی ئەنجومەنی سیناتدا کە سیناتۆرەکان وەکو دەستەی سوێنخۆران ڕۆڵیان دەبینی،دیموکراتەکانی ئەنجومەنی نوێنەران مشتومڕی ئەوەیان کرد کە ترامپ بووە هۆی هاندانی ئەو توندیژییانەی کە لە شەشی مانگی یەک ڕوویاندا لە کاتێکدا ئیدیعای دەکرد هەڵبژاردنەکانی فرتوفێڵی تێدا کراوە، و پشتیوانانی هان دەدا بۆ " شەڕێکی سەخت".

بەڵام پارێزەرەکانی ترامپیش گوتیان ئەو پرۆسەیە لەلایەن ئەو دیموکراتانەوە ئەنجام دراوە کە "ڕقیان" لە ترامپە و پرۆسەیەکی نادەستوورییە چونکە ئەو لەسەر دەسەڵات نەماوە.

ئەو حەوت سیناتۆرە کۆمارییەی دەنگیان بۆ تاوانبارکردنی ترامپ دا بریتی بوون لە سیناتۆر ڕیچارد بوری کارۆلاینای باکوور، بیل کاسدی لوزیانا، سوزەن کۆنلینسی مەین، لیسا مۆرکۆسکی ئەلاسکا، میت ڕۆمنی یوتا، بین سێسی نێبراسکا و پارتریک توومی پێنسلڤانیا.

ئەمە دووهەم جارە میت ڕامنی دەنگ بۆ ئیپیچکردنی ترامپ بدات، لە مانگی دووی ڕابردوو کاتێک ڕامنی نوێنەری یوتا دەنگی بۆ تاوانبارکردنی ترامپ دا بوو بە یەکەم سیناتۆری دەنگ بۆ تاوانبارکردنی سەرۆکێک لە حزبەکەی خۆی بدات.

XS
SM
MD
LG