Accessibility links

ڕۆژی شەممە ئەنجومەنی سینات مشتومڕەکانی لەسەر پرۆسەی دادگاییکردنی دانۆڵد ترامپ دەستپێدەکاتەوە


سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا دەستی بە دانیشتنەکانی کردەوە وەکو دادگاییکردنی لێپێچینەوە لە سەرۆکی پێشوو دانۆڵد ترامپ.

نە بەڕێوەبەرانی پرۆسەی لێپێچینەوە (ئیمپیچکردن) لە سەرۆکی پێشوو و نە پارێزەرانی ترامپ هیچ پلانێکیان بۆ بانگێهێشکردنی شایەتحاڵەکان رانەگەیاندووە، واتە ئەو دوو لایەنە لەوانەیە رۆژی شەممە دوا مشتومڕی خۆیان بکەن و بەمزووانە دەنگدانی کۆتایی لەسەر دۆسێکە ئەنجام بدەن.

ڕۆژی هەینی پارێزەرانی ترامپ بەرگری خۆیان لەسەرۆکی پێشووی ئەمەریکا کۆتاییپێهێنا، نکوڵیان لەوە کرد هاندەربووبێت بۆ ئاژاوەکانی شەشی مانگی یەک لە کۆنگرێسی ئەمەریکا ، کە بووە هۆی کوژرانی پێنج کەس. پارێزەرانی ترامپ دادگاییکردنەکە بە نایاسیی دادەنێن و دەڵێن بە دوای شتێکدا دەگەڕێن کە بوونی نییە.

مایکڵ ڤان دێر ڤێن پارێزەری ترامپ ڕایگەیاند "وەک هەموو هەنگاوێکی تری سیاسیانە بۆ گەڕان بەدوای شتێکدا کە بوونی نەبێت کە چەپەکان لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا دەستیان پێکردووە، ئەم لێپێپێچینەوەیە بەتەواوی لەگەڵ ڕاستییەکان و بەڵگەکان و بەرژەوەندییەکانی گەلی ئەمەریکادا یەکناگرێتەوە".

پارێزەرانی ترامپ ڕۆژی هەینی لە ماوەی سێ کاتژمێردا دۆسیەکەیان پێشکەشکرد، بڕیاریاندا کە ئەو 16 کاتژمێرەی کە بۆیان تەرخان کرابوو بەکارنەهێنن.

پارێزەرەکانی ترامپ بە سیناتۆرەکانیان وتووە، کە سەرۆکی پێشوو هەموو مافێکی ئەوەی هەیە مشتومڕ بکات لە دۆڕانی هەڵبژاردنی بە سەرۆک جۆ بایدن، دەشڵێن وتارەکەی ترامپ کە ماوەی 70 خولەک بەردەوام بوو بەر لەچەند خولەکێک پێش دەستپێکردنی پەلاماردانەکەی ڕۆژی 6ی مانگی یەک بۆ سەر کۆنگرێسی ئەمەریکا نەبۆتە هۆی هاندانی توندوتیژی.

بەڵام لەرۆژی پێنجشەمەدا داواکارانی گشتی لێپێچینەوەکە (ئیمپیچکردن) سووربوون لەسەر ئەوەی " بەڵگەی ڕوون و زۆر هەیە" کە سەرۆکی پێشوو ترامپ هانی یاخیبوونیداوە بە ناردنی پشتیوانە گێرەشێوێنەکانی بۆ کۆنگرێسی ئەمەریکا لە مانگی ڕابوردوودا تا ڕووبەڕووی یاسادانەران ببنەوە لە کاتێکدا خەریکی بەفەرمی ناساندنی ئەو هەڵبژاردنە بوون کە جۆو بایدنی دیموکرات سەرکەوتنی تیایدا بەدەستهێنا.

XS
SM
MD
LG