Accessibility links

ئافریکای باشوور دەستدەکات بە بەکارهێنانی ڤاکسینێکی دژ بە کۆرۆنا کە هێشتا پەسەند نەکراوە


ئافریکای باشوور لە هەفتەی داهاتوو دەستدەکات بە بەکارهێنانی ڤاکسینی دژە کۆرۆنای کۆمپانیای دەرمانسازی جۆنسن & جۆنسن، کە هێشتا بە فەرمی پەسەند نەکراوە، بۆ کارمەندانی تەندروستی تا بزانێت ئایا دەتوانێت دژ بە جۆرە نوێیەکەی ڤایرۆسەکە لە سەرانسەری وڵات کار بکات.

وەزیری تەندروستی زولی مخایز ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند ئافریکای باشوور پلانی بەکارهێنانی ڤاکسینی دروستکراوی ئۆکسفۆرد- ئەسترازێنێکای لە ئێستادا ڕاگرتووە لەبەر ئەوە نیگەرانیانەی کە ڕەنگە کاریگەری نەبێت لە دژی حاڵەتە سوک و مامناوەندییەکانی جۆرە نوێیەکەی N501Y.

وەزیری تەندروستی گوتیشی زانایانی وڵاتەکە بەردەوام دەبن لە تاقیکردنەوەی ڤاکسینەکەی ئاسترازنێکا و ڕێنمایی دەدەن بە کاربەدەستان لەسەر ئەوەی ئایا ڤاکسینەکان بگۆڕدرێن بەرلەوەی ماوەکەیان بەسەربچێت.

ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیەیتد دەڵێت مخایز لە تەلەفیزیۆنی دەوڵەتییەوە ڕایگەیاندووە ڤاکسینی جۆنسن & جۆنسن کە تەنها بە یەک بەش لێدەدرێت، سەلامەتە، لەسەر بنەمای تاقیکردنەوەی ئەو 44 هەزار کەسەی کە لە ئافریکای باشوور، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ئەمەریکای لاتین ئەنجام دراوە.

هەرچەندە ڤاکسینەکەی جۆنسن & جۆنسن هێشتا بە فەرمی لە هیچ وڵاتێک پەسەند نەکراوە، بەڵام کۆمپانیاکە لە هەفتەی ڕابوردوو داوای کردووە ڕێگەی بەکارهێنانی خێرای لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پێبدرێت.

چاوەڕوان دەکرێت ئافیکای باشوور ڤاکسینەکەی فایزەر و ئەوانی تریش بەکاربهێنێت بۆ پشتیوانی کردن لە بەرنامەکانی کوتانی ئەو وڵاتە.

ئافریکای باشوور زۆرترین ژمارەی حاڵەتەکانی ڤایرۆسی کۆڤید-19ی هەیە لە تەواوی کیشوەرەکەدا، بە پێی ئامارەکانی نێوەندی لێکۆڵێنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەی جۆنس هۆپکسن، هەتا ئێستا یەک ملیۆن و 479 هەزار حاڵەت پشتڕاست کراوەتەوە و نزیکەی 47 هەزار کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.





XS
SM
MD
LG