Accessibility links

ڤاتیکان سەردانی پاپا بۆ عێراق پشتڕاست دەکاتەوە


پاپا فرانسیس، ستایشی هێزی دیالۆگی نێوان ئاینەکان دەکات و ڤاتیکانیش دیداری نێوان پاپا و ئایەتوڵا عەلی سیستانی، ڕێبەری شیعەکانی عێراق پشتڕاست دەکاتەوە هاوکاتی سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی پاپا بۆ بەغدا.

بڕیارە پاپا سەردانەکەی بۆ عێراق لە ڕۆژی 5ی مانگی 3 دەستپێبکات و تا ڕۆژی 8ی مانگ بخایەنێت. وێستگەکانی سەردانەکەی پاپا لە عێراق بریتین لە بەغدا و نەجەف و ناسریە و هەولێر و موسڵ و هەروەها قەرەقوش.

ڕۆژی 6ی مانگی 3، بەرنامە دانراوە، پاپا سەردانی ئایەتوڵا سیستانی تەمەن 90 ساڵ بکات لە شاری نەجەف.

پێشتر پاپا ئاماژەی بەوەکردبوو، لەوانەیە سەردانەکەی بۆ عێراق هەڵبوەشێتەوە بەهۆی پەتای کۆرۆناوە، بەڵام ئەمڕۆ دووشەممە خواستی خۆی ئاشکرا کرد بۆ ئەو سەردانە.

پاپا لە لێدوانەکانیدا بۆ باڵیۆزەکانی پەیامبەریی دەڵێت "دەخوازم سەردانە پەیامبەرییەکانم لە عێراقەوە دەستپێبکەم."

پاپا دەڵێت " دیالۆگی نێوان ئاینەکان دەشێت ببێتە دەرفەتێک بۆ ڕێبەرانی ئاینی و خاوەن بڕوایانی ئاینە جیاوازەکان و هەروەها دەشتوانێت پشتیوانی لە هەوڵی بەرپرسیارانەی ڕێبەرانی سیاسی بکات بۆ بەرز ڕاگرتنی بەرژەوەندی گشتی."

لە مانگی ڕابردوودا، لویس ساکۆ، پاتریارکی کڵێسای کاسۆلیکە کلدانەکان لە عێراق باسی لەوە کردبوو کە پاپا سەردانێکی تایبەت دەکات بۆ لای سیستانی.

ئایەتوڵا سیستانی هەرگیز لە بواری گشتیدا نەبینراوە و زۆر بە دەگمەنیش میوانداری دەکات.

ڕۆژانێک بوو لە عێراق زیاتر لە یەک ملیۆن و 500 هەزار کریستیان هەبوون، بەڵام ئێستا وەها مەزەندە دەکرێت 400 هەزار کریستیان لەو وڵاتەدا مابنەوە کە بەهۆی توندوتیژییەکانەوە وێران بووە، دواترینی ئەو توندوتیژیانەش شەڕی ئاینزایی وڵاتەکە و هێرشەکانی تێرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی بوون.

پاپا فرانسیس، بەرنامەی هەیە بەشداری لە گردبوونەوەیەکی جەماوەریدا بکات لە کڵێسایەکی ناوجەرگەی بەغدا کە لە ساڵی 2010دا هێرشێکی خوێناوی تیادا ئەنجامدرا و لە هەولێریش بەشداری لە مەڕاسیمێکی جەماوەرییدا دەکات لە یەکێک لە ستادیۆمەکانی پایتەختی هەرێمی کوردستاندا کە زۆرێک لە کریستیانەکان چوونەتە ئەوێ پاش ئەوەی بەهۆی هێرشەکانی داعشەوە ناچاربوون زێدی خۆیان جێبهێڵن.

XS
SM
MD
LG