Accessibility links

کۆمەڵەی وڵاتانی G -7 کودەتاکەی میانمار شەرمەزار دەکەن


وەزیرانی دەرەوەی گروپی G -7ڕۆژی چوارشەممە کودەتاکەی میانماریان شەرمەزارکرد و نیگەرانی گەورەی خۆیان سەبارەت بە دەستبەسەرکردنی "ئۆن سان سوچی" و سەرکردە سیاسیەکانی دیکە دەربڕی.

لە بەیاننامەیەکدا وەزیرانی دەرەوەی کەنەدا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ژاپۆن و ئەمەریکا رایانگەیان:"ئێمە بە قووڵی نیگەرانین لەدەستبەسەرکردنی سەرکردە سیاسییەکان و چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی، لەوانە "ئۆن سان سوچی" ڕاوێژکاری دەوڵەت و سەرۆک وین میینت و بە ئامانجگرتنی میدیاکان."

ئەوان داوایان لەسوپای میانمار کرد کۆتایی بە دۆخی ڕاگەیاندراوەکەی باری لەناکاو بهێنت و ڕێگەبدات بە دەستڕاگەیشتنی مرۆیی بێ کۆتوبەند بۆ پشتیوانیکردنی ئەو خەڵکەی کە زۆر لەمەترسیدان لەوڵاتەدا.

وەزیرانی کۆمەڵەی G -7 رایانگەیاند "پێویستە ڕێز لەئەنجامەکانی هەڵبژاردنی مانگی 11 ی ساڵی پار بگیرێت و لە زووترین دەرفەتدا پەرلەمان کۆببێتەوە."

ڕۆژی چوارشەممەش لە 30 شارۆچکەدا لەلایەن کارمەندانی 70 نەخۆشخانە و بەشی پزیشکی مانگرتن سازکرا بۆ ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر بە کودەتاکە.

لە بەیاننامەیەکی بزوتنەوەی یاخیبوونی شارستانی میانمار کە تازە پێکهێنراوە دەڵێت سوپا بەرژەوەندی خۆی لەسەرووی دانیشتوانێکی بێ دەسەڵاتەوە داناوە کە ڕووبەڕوون لەگەڵ ساتەوەختە سەختەکانی ئەو پەتایەدا کە زیاتر لە 3100 کەسی لەوڵاتی میانماردا کوشتوە.

کاربەدەستێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رۆژی سێشەممە بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند حکومەت بە فەرمی دەستبەسەراگرتنی سەربازی بۆ سەر دەسەڵات لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا بە کودەتا ناوزەد کرد، ئەمەش ئەو پۆلبەندییەیە کە بووەهۆی سەپاندنی کۆتوبەندە دیارییکراوەکان بۆ سەر یارمەتییە دەرەکیەکان بۆ حکومەتەکە."

بەرپرسەکە گوتی "ئەمەریکا رێوشێنەکان دەگرێتەبەر دژی ئەو بەرپرسیارانە"، بەڵام بەردەوام دەبێت لە پرۆگرامەکانی یارمەتیدانی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە، لەوانەش یارمەتی مرۆیی و دەستپێشخەرییەکانی پشتگیری دیموکراسی.

سوپای میانمار ڕایگەیاند وابڕیارە دەستبەسەراگرتنی دەسەڵات بۆ ماوەی یەک ساڵ بەردەوامبێت، پێویستبوو چونکە حکومەت لەهەڵبژاردنەکانی مانگی یانزەدا کاری لەسەر دەنگۆی ساختەکاری دەنگدەران نەکردبوو کە لەدەرئەنجامدا حیزبی یەکرگتوویی نیشتیمانی لەپێناو دیموکراسیدا بە رێبەرایتی "ئۆن سان سوچی" براوە بوو. وابڕیار بوو دانیشتنی نوێی پەرلەمان ڕۆژی دووشەممە دەستپێبکات.

میچ مککانەڵ، سەرۆکی کەمینە لە ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە گوتی ئەمەریکا پێویستی بە "هاوکاری دۆست و هاوپەیمانەکانمان" دەبێت بۆ فشارخستنەسەر سوپای میانمار.

مەککانەڵ وتیشی "کاتی ئەوەیە گەلانی هەواداری دێموکراسی بەرگری لەدێموکراسی بکەن و سزای دارایی پێویست بخەنە سەر لەشکر.

(ئێن ئێڵ دی) داوای ئازادکردنی (ئۆن سان سوچی) و سەرۆک (وین مینت) و سەرکردەکانی دیکەی پارتەکەی کردووە.

کاربەدەستەکەی وەزارەتی دەرەوە رایگەیاند کە بەرپرسانی ئەمەریکا نەیانتوانیوە قسە لەگەڵ ئەندامانی ئێن ئێڵ دی بکەن ، ئەوەشی خستەڕوو کە " زۆربەی گەورە بەرپرسان لەماڵەکانی خۆیاندا دەستبەسەرن."

میانمار کە بە بورماش ناسراوە، ماوەیەکی زۆرە لەنێوان حوکمی مەدەنی و سەربازیدا تێدەکۆشێت، بەڵام تا سەروەختی کودەتاکە خاوەنی دەستاودەستکردنێکی دیموکراسیانەی هیوابەخش بووە.

کۆڵۆنییەکی بەریتانی بووە تا ساڵی 1948، میانمار لە ساڵانی 1962 بۆ 2010 دیکتاتۆرەکان حوکمیان کردووە کە لەلایەن سوپاوە پشتگیری دەکران.

لە ساڵی 1988 بەهۆی فشاری راپەڕینەوە بۆ ساڵی 1990 هەڵبژاردن سازکرا، پارتی یەکگرتووی نیشتیمانی لەپێناو دیموکراسیدا بە دەنگی زۆرینەیەکی گەورە هەڵبژاردنەکەی بردەوە، بەڵام ئەندامانی هەڵبژێردراوی پەرلەمان زیندانیکران و دیکتاتۆریەت بەردەوامبوو.

ئۆن سان سوچی کچی پاڵەوانی سەربەخۆیی میانمار ژەنەڕاڵ ئۆن سانە کە لە ساڵی 1947 دا تیرۆرکرا، ئەم خانمە وەک ڕێبەرێک لەڕێپیوانەکانی پشتیوانیکردنی دیموکراسی پارتی نیشتیمانی لەپێناو دیموکراسیدا دەرکەوت، لە ساڵی 1991 دا لەو سەروەختەدا کە لەماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر بوو خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێبەخشرا.

لەساڵی 2010 دا ژەنەڕاڵ ثان شۆی ڕایگەیاند وڵات ڕادەستی سەرکردە مەدەنییەکان دەکات لەنێویشیاندا ژەنەراڵە خانەنشینکراوەکانیشی لەخۆگرت. زیندانیە سیاسییەکان ئازاد کران، لەناویاندا یاسادانەرانی پارتی یەکگرتووی نیشتیمانی بۆ دیموکراسی و ئۆن سان سوچی گرتەوە، لە هەڵبژاردنی ساڵی 2012 دا هەڵبژێردرا و دواتر بووبە ڕاوێژکاری دەوڵەت لە میانمار.

بەڵام ئۆن سان سوچیی تەمەن 75 ساڵ لەکاتێکدا لەنێو زۆرینەی بودییەکانی میانماردا هەوادارێکی بەرچاوی هەیە، بەڵام بەهۆی مامەڵەی خراپی حکومەت لەگەڵ کەمینە موسڵمانەکانی رۆهینگیا لە وڵاتەکەدا ناوبانگی لکەدار بوو.

لەساڵی 2017 دا هەڵمەتێکی سەرکوتکردنی سوپا دژی ڕۆهینگیاکان، بەهۆی هێرشی کوشندە بۆ سەر بنکەی پۆلیس لە هەرێمی ڕاخاین سازکرا، لەدەرئەنجامدا سەدان هەزار ڕۆهینگیایی بەرەو بەنگلادیش هەڵهاتن و دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لێکۆڵینەوە لەو وڵاتە دەکات لەسەر تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی.

XS
SM
MD
LG