Accessibility links

هەوڵەکانی بەڕێوەبەرایەتی بایدن بۆ زیادکردنی کوتانی دژ بە کۆرۆنا


کۆشکی سپی ڕۆژی سێشەممە ڕێوشوێنی نوێی بۆ زیادکردنی ڕێژەی ڤاکسینی دژ بە کۆڤید-19 ڕاگەیاند، کە بریتیشە لە دابەشکردنی ڤاکسینەکان بۆ دەرمانخانە دەستنیشانکراوەکانی سەرانسەری وڵات.

لە بەیاننامەیەکی کۆشکی سپیدا هاتووە کە ئەم کارە %22 دابینکردنی ڤاکسین زیاد دەکات لەوەتای سەرۆک جۆو بایدن لە 20 ی مانگی یەکەوە دەستی بە کار کردووە، دەشڵێت " بنیاتنان لەسەر ڕاگەیاندنی هەفتەی ڕابردوو، بەڕێوەبەرایەتی بایدن – هاریس لەم هەفتەیەوە بەگشتی بەشە ڤاکسینەکانی هەفتانە بۆ نزیکەی 10.5 ملیۆن بەش زیاد دەکەن بۆ ویلایەتەکان، کۆمەڵگەکان و ناوچەکان لە سەرانسەری وڵاتدا."

لە بەیاننامەکەی کۆشکی سپیدا ڕایشگەیەندراوە حکومەتی فیدراڵی پارە بۆ ویلایەتەکان و ناوچەکان دابین دەکات بۆ کەرەستە پێداویستییەکانی وەکو دەمامک و دەستکێش لە کاتێکدا ئەمەریکا بەردەوامە لە بەرەنگاربوونەوەی ژمارەی زۆری توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆناو مردن بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە.

ئەم ڕاگەیاندنەش لە کاتێکدایە بەشێکی زۆر لە ویلایەتەکان گازندەی ئەوەیان کردووە کە ڤاکسینی پێویستیان لەبەردەست نییە بۆ کوتانی ئەو هاووڵاتیانەی کە لەبەردەم مەترسی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنادان.

لە شارەکانی وەکو نیو ئۆرلەین، ژمارەیەکی زۆری ئەمەریکاییەکان ڕایانگەیاندووە کاتی دیاریکراویان بۆ وەرگرتنی ڤاکسینەکە دوواخراوە بەهۆی نەبوونی ڤاکسینەکان.

لێکۆڵینەوەکانی ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیەیتد و ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمس دەریدەخەن ڕێژەی کوتان لە نێو خەڵکی ڕەش پێست و لاتینەکان کەمترە بە بەراورد لەگەڵ سپی پێستەکان لە سەرانسەری وڵاتدا.

هەرچەندە زانیارییەکانی نێوەندی ڕێگەگرتن و کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکان (CDC) نیشان دەدات، ئەو ئەمەریکاییانەی دژ بە ڤایرۆسەکە کوتراون ژمارەیان زیاترە لەوانەی توشی ڤایرۆسەکە بوون. بە پێی ڕاگەیاندنی CDC هەتا ئێستا 32 ملیۆن ئەمەریکایی ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە.

ژمارەی توشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەرانسەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەتا ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە 26 ملیۆن و 400 هەزار حاڵەت بوو.

XS
SM
MD
LG