Accessibility links

بە پێی توێژینەوەیەک ڕێژەی کوشتن لە ئەمەریکا زیادی کردووە


توێژینەوەیەکی نوێ ئاماژە بەوە دەکات کە ژمارەی کوشتنەکان لە ساڵی 2020 دا لە ئەمەریکا بەرزبۆتەوە و دەریدەخات کۆڤید - 19 و هەروەها نایەکسانی ڕەگەزی ڕۆڵی هەبووە لەو بەرزبوونەوەدا.

توێژینەوەکە، کە شەوی دووشەممە لەلایەن کۆمسیۆنی نیشتمانی بۆ تاوان و COVID-19 و دادوەری تاوانەوە بڵاوکراوەتەوە، لەلایەن توێژەرانی زانستی تاوانناسی لە زانکۆی مێزوری لە شاری سان لویس ئەنجامدراوە. توێژینەوەکە ڕێژەی تاوانەکانی لە 34 شاری جیاوازدا لە شاری نیویۆرکەوە بۆ نۆرفۆلک لە ویلایەتی ڤێرجینیا ی خستوەتە بەرلێکۆڵینەوە.

توێژەران پێیان وایە کە ئەمە بەرزبوونەوەیەکی مێژووییە و ڕێژەی کوشتنەکان لە ساڵی 2020 دا 30 لە سەد زیادی کردوە بەراورد بە ساڵی 2019، واتە 1268 زیاتر مردوون بەراوەرد بە ساڵی ڕابردوو لەو شارانەی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوە.

کوشتنەکان لە 29 ی ئەو 34 شارەی خوێندوویان بۆ کراوە بەرزبووەتەوە. کوشتنەکان لە میلواکی بە ڕێژەی% 85بەرزبۆتەوە ، لە سیاتل 63% ، لە شیکاگۆ %55 و لە شاری نیویۆرک 43% بەرزبوونەتەوە .

توێژینەوەکە دەریخستوە کە دەستدرێژی سێکسی و هێرشی چەکداری زیادیان کردووە .

یەکێک لە نوسەرانی توێژینەوەکە بە ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشێتد پرێسی گوت کە پێی وایە بەشێک لە هۆکاری بەرزبوونەوەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەفسەرانی پۆلیسی ناچار بوون بە هۆی پەتای کۆرۆناوە لە شەقامەکان نەمێنن.

تەنانەت کاتێک لەسەر کارکەیانن، بە هۆی پاراستی مەودای کۆمەڵایەتییەوە ئەفسەرانی پولیس ناچارن خۆیان لە پەیوەندی نزیک لە گەڵ خەڵک و کۆمەڵگەدا بپارێزن. ئەو هەروەها گوتی " ئەوە بەڕاستی توانای ئەفسەرانی پولیسی کەمکردەوەتەوە بۆ بەڕیوبردنی ئەو چالاکییانەی کە تاوانەکان کەم دەکەنەوە."

لە توێژینەوەکەدا دەرکەوتوە کە پەتاکە"بەشێوەیەکی نابەرابەر کاریگەری خستوەتە سەر چینی بێ دەسەڵات و هەژار وئەوانی رووبەڕووی فشاری جەستەیی، دەروونی، سۆزداری و دارایی زیاتر بوونەتەوە."

توێژەرەکان دەڵێن ئەو ڤایرۆسە هەروەها پۆلیس و دادگا و نەخۆشخانە و دامەزراوەکانی تر کە ڕێگە لە توندووتیژییەکان دەگرن،ڕاگرتووە و بووە بە بەربەست لە بەردەم ئەو هەوڵانەی کە وادەکەن توندوتیژییەکان کەم بکرێنەوە.

توێژەرەوان دەڵێن بەرنگاری پەتای کۆرۆنا و زیادبوونی متمانە بە پۆلیس و سیستەمی دادوەری و جێبەجێکردنی ستراتیژی دژە توندوتیژە پێویستە بۆ بەدیهێنانی ئاشتییەکی بەردەوام لە شارەکانی نیشتماندا .

نووسهرانی ئەم توێژینەوەیە دهڵێن ئامارەکانی تاوانیان له پێگە ئۆنلاینەکانی به شی پۆلیسی شارەکاندا کۆ کردووەتەوە. زانیارییەکان جێگای پێداچوونەوەیان هەیە و پۆلێنکردنی ڕێژەی تاوانەکان تا رادەیەک لە نێوان شارەکاندا جیاوازیان هەیە.

XS
SM
MD
LG