Accessibility links

ئێران ڕێگە بە کارمەندانی نێو کەشتییەکەی کۆریای باشوور دەدات وڵاتەکە بجێبهێڵن


وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، ئێران قائیل بووە بەوەی ڕێگە بدات دەستەی کرێکارانی کەشتییەکی کۆریای باشوور کە بە تۆمەتی پیسکردنی ژینگە دەستیبەسەردا گرتبوو، ئەو وڵاتە بەجێبهێڵن.

سەعید خەتیبزادە بە میدیای دەوڵەتی ڕاگەیاند "دوای داواکاری حکومەتی کۆریای باشوور، دەستەی کەشتییە کۆرییەکە کە بە تۆمەتی هۆکاری پیسبوونی ژینگە لە کەنداوی فارس دەستی بەسەرداگیرابوو، لە چالاکییەکی مرۆیی دا لەلایەن ئێرانەوە مۆڵەتی چوونە دەرەوە لە ئێرانیان وەرگرتوە".

عەباس عەراقچی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بە تەلەفۆن لەگەڵ هاوتای کۆریای باشوور، چۆی جۆنگ کون قسەی کرد لەسەر ئازادکردنی ئەو دەستەی19 کەسی کەشتییەکە و هەروەها مەسەلەی ئازادکردنی 7 ملیار دۆلار دارایی ئێران کە بەهۆی سزاکانی ئەمەریکا لە کۆریای باشوور ڕاگیراوە.

وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باشوور لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندوە کە " هەردوو لا هاوڕا بوون لە سەر ئەوەی کە ئازادکردنی دەریاوانەکان هەنگاوێکی گرنگە بۆ گەڕاندنەوەی متمانە لەنێوان هەردوو وڵاتدا و هەروەها ئەوان کار دەکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی داراییە راگیراوەکانی ئێران لە بانکەکانی کۆریای باشووردا.

چوی هەروەها وتی" کۆریای باشور بە خێرایی ئەوەی لە دەست بێت ئەنجامی دەدات و هاوکاتیش ڕاوێژلەگەڵ ئەمەریکا دەکات لەسەر ئەو پرسە."

ئێران ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردوە کە دەڵێن تانکەر و تاقمە 20 کەسەکەی کۆریای باشوری بە بارمتە گرتوە و دەڵێت ئەوە سیئۆلە کە پارەی ئێرانی بە "بارمتە" گرتوە.

دەستبەسرداگرتنی 7 ملیار دۆلاری ئێران پەیوەندی بە سزاکانی ئەمەریکاو هەیە کە واشنتۆن لە ساڵی 2018دا بەسەر تاراندا سەپاندویەتی پاش ئەوەی دانۆڵد ترامپ سەرۆکی پیشووی ئەمەریکا لە ڕێکەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015ی ئێران لەگەڵ زلهێزە جیهانیەکان کشایەوە.

چوی لە سەرەتای مانگی یەکدا لەگەڵ تاران گفتوگۆی ئەنجام دا لەسەر ئازادکردنی ئێم تی هانک چێمی MT Hankuk Chemi)) کە ڕۆژی 4ی مانگی یەک لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە لە نزیک تەنگەی ستراتیژی هورمز دەستی بەسەردا گیرابوو.

XS
SM
MD
LG