Accessibility links

سەرچاوەیەک: چالاکوانێکی ژنی دژ بە حیجابی زۆرەملێ لە ئێران دەگوازرێتەوە بۆ بەشی تاوانبارانی ئاسایی زیندانی قەرچەک لە تاران


بە پێی سەرچاوەیەکی ئاگادار کاربەدەستان لە گرتوخانەیەکی ژنانی ئێراندا ئەشکەنجەی خانمە زیندانیکراوێکیان داوەو پەلکێشیان کردووە بۆ زیندانێکی ئاسایی تاوانباران و پێیان گوتووە شایانی ئەوە نییە لەگەڵ زیندانییە سیاسییەکانی تردا بمێنێتەوە.

لە میانەی وتووێژێکی ڕۆژی چوارشەممەیدا لەگەڵ بەشی فارسی دەنگی ئەمەریکا ئەو سەرچاوەیەی کە نزیکە لە بنەماڵەی سەبا کورد ئەفشاری ژنە چالاکوانی مافەکانی مرۆڤی زیندانیکراو، ڕایگەیاند ڕۆژێک پێشتر ئەو چالاکوانە لە نێوان بەشەکانی زیندانی گرتوخانەی قەرچەک لە دەرەوەی تاران بە زۆر گوازراوەتەوە.

سەرچاوەکە دەشڵێت ڕووداوەکەی ڕۆژی سێشەممە کاتێک دەستیپێکردووە کە کورد ئەفشاری لە ناو گۆڕەپانی زیندانەکەدا بوو گوێی لە دەنگێکی بەرزبوو لە ناو قاوشی شەشی گرتوخانەی قەرچەک کە لەوێ لەگەڵ زیندانی تری ژندا گیرابوو. کاتێک کورد ئەفشاری گەڕایەوە بۆ قاوشەکەی بینی چەند پاسەوانی ژن و پیاو بە قامچی و دار دەکێشن بە دارو دیوارەکاندا بۆ ترساندنی زیندانییەکانی تر لەو کاتەی خۆیان ئامادەکردبوو بیگوازنەوە.

سەرچاوەکە دەشڵێت کورد ئەفشاری هەوڵیدابوو بەرهەڵستی بکات و بە پاسەوانەکانی گوتبوو " ئەگەر دەتانەوێت من بگوازنەوە دەبێت بەزۆر بمبەن." سەرچاوەکە دەڵێت " پاسەوانەکان پەلکێشیان کردووە، دەستیان لە لە دواوە بەستووە و لە ناو قاوشەکەدا ڕایانکێشاوە."

کورد ئەفشاری، کە چالاکوانێکی دژی حیجابی گشتی زۆرەملێی ئیسلامی ئێران بۆ ژنان بوو، ڕۆژی 9 ی مانگی 12لە زیندانی ئێوینی تارانەوە گوازرایەوە بۆ قەرچەک.

کاربەدەستانی ئێران سەبا کورد ئەفشارییان لە مانگی 6 ی ساڵی 2019 دەستگیر کرد و سزای 15 ساڵ زیندانیکردنیان بە تاوانەکانی پەیوەندیدار بە ئاسایشی نیشتمانی سەپاندووە بەسەریدا بەهۆی لابردنی حیجابی لە شوێنی گشتیدا.

سۆگەند کورد ئەفشاری ڕۆژی چوارشەممە چەند تویتێکی کردووە، و تیایاندا دەڵێت سەبا بە زۆر گوازراوەتەوە بۆ قاوشی شەشی گرتوخانەی قەرچەک سەرەڕایی ئازارەکانی بەهۆی نەخۆشی درێژخایانی گەدە. بەڵام لە تویتەکانیدا ئاماژە بەوە ناکات لە چ بارێکدا گوازراوەتەوە.

سەرچاوەکەی VOA گوتی پاش ئەو گواستنەوەکەی لە مانگی ڕابوردوودا بۆ قەرچەک ، کاربەدەستانی زیندان بە چالاکوانەکەیان ڕاگەیاند کە چیتر بە زیندانی ئاسایشی دانانرێت کە شایانی زیندانیکردن لەگەڵ کەسانی دیکەی جودابیردا هەبێت، هۆشداریشیان دا کە دەگوازرێتەوە بۆ نێوقاوشی تاوانبارەکان.

یەکێک لەو تۆمەتانەی کە کورد ئەفشاری لەسەری تاوانبار کراوە " بڵاوکردنەوەی لەشفرۆشییە ".دیار نییە ئەگەر دەسەڵاتدارانی قەرچەک ئەو تۆمەتەیان بە بیانویەک بەکار هێنا بێت بۆ ئەوەی بە ئاشکرا بیگوازنەوە بۆ قاوشی 6 ، یان ئەگەر ڕووبەڕووی چەند تۆمەتێکی نوێی دیکەی دیاری نەکراوکرابێتەوە کە پەیوەندی بە ئاسایشی نەتەوەییەوە نەبێت.

لە دەمی گواستنەوەی کورد ئەفشاری بۆ قەرچەک دەسەڵاتدارانی ئێران ئەویان لە ڕەهیلێ ئەحمەدی دایکیشی جیار کردەوە، کە لە زیندانی ئێوین لەگەڵیدا دەستبەسەرکرابوو.

ئەحمەدی لە مانگی 7 ی ساڵی 2019 چەند ڕۆژێک پاش دەستگیرکردنی کچەکەی بە تۆمەتی ئەوەی هەڵمەت بۆ کچەکەی دەکات، دەستگیر کرا.دایکی ئەو چالاکوانە پاشان سزای 2 ساڵ و حەوت مانگ زیندانی کردنی بەسەردا سەپێندرا بە تاوانەکانی پەیوەندیدار بە ئاسایشی نیشتمانی.

لە هەفتەی ڕابردووەوە هەتا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە هیچ هەواڵێک لەسەر بارودۆخی سەبا کورد ئەفشاری نییە.

XS
SM
MD
LG