Accessibility links

تالیبان: ئێمە بەردەوام دەبین لە کوشتنی ئەمەریکاییەکان ئەگەر لە ئەفغانستان بمێننەوە


سەردانی شاندی تالیبان بۆ مۆسکۆ، 27ی یەکی 2021

تالیبان ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند مەبەست لە ڕێککەوتنەکەی مانگی 2 ی ساڵی 2020 لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پێدانی " ڕێڕەوێکی ئارام" بە سوپای "داگیرکەری" ئەمەریکا بو تا لە ئەفغانستان دەربچن و جەختیشی کردەوە لەوەی ئەو گروەپە یاخیبووە چاوەڕوانی ئەوە دەکەن پێداچوونەوەکەی جۆو بایدن بەسەر بەڵگەنامەکاندا، ڕێککەوتنەکە تێک نەدات.

شێر محەمەد عەباس ستانیکزای جێگری سەرۆکی وتووێژەکانی ئاشتی تاڵیبان لە میانەی سەردانێکیدا لە مۆسکۆ کە شاندی یاوەری لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ڕووسیا لە کۆبوونەوەدایە ، ئەو لێدوانەی دا.

ستانیکزای لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەواندا گوتی، تالیبان ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ "حکومەتێکی یاسایی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا" مۆرکردووە و پێداچوونەوە بەسەر ڕێککەوتنەکە لەلایەن بەرێوەبەرایەتی نوێوە " بڕیارێکی ناوخۆیی خۆیانە". بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە واشنتن ڕێککەوتنەکە هەڵبوەشێنێتەوە.

ئەو ڕێبەری تالیبان گوتیشی " لە مێژووی ئەفغانستاندا، هەرگیز ڕێگەی دەرچوونی سەلامەت بۆ هێزی داگیرکەر دابین نەکراوە، جا ئەمە دەرفەتێکی باشە بۆ ئەمەریکایەیکان کە ئێمە لەم ڕێککەوتنەدا ئەو ڕێڕەوە سەلامەتەیان پێدەدەین. هیوادارین کاتێک پێداچوونەوەکەیان دەکەن دەگەن بە هەمان درەنجامی پۆستیڤ."

ئەو هەوەها ئەو دەنگۆیانەی "بەتەواوەتی هەڵە" لەقەڵەمدا کە دەڵێن تالیبان پارە لە ڕوسیا وەردەگرێت بۆ کوشتنی سەربازانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان.

ستانیکزای گوتی " ئێمە نامانەوێت کەس خەڵاتمان پێبدات بۆ کوشتنی ئەمەریکاییەکان. ئەمەریکاییەکان داگیرکەرن و ئێمەش لە ساڵی 2001 وە دەیانکوژین".

دەنگی ئەمەریکا هەوڵیدا لێدوان لە کاربەدەستانی لەشکری ئەمەریکا لە ئەفغانستان وەربگرێت، هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ وەڵامێک نەدراوەتەوە.

بە پێی ڕێککەوتنی ئەمەریکا و تاڵیبان دەبێت هەموو سەربازەکانی ئەمەریکا و ناتۆ تا مانگی پێنج ئەو وڵاتە بەجێبهێڵن لە بەرامبەر گەرەنتی دژە تیرۆری ئەو چەکدارانە و بەڵێندان کە لەگەڵ ڕکابەرە ئەفغانییەکانیان دانوستان دەکەن بۆ ڕێککەوتنێکی سیاسی هەمیشەیی بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە شەڕی 20 ساڵەی ئەفغانستان.

ستانیکزای هۆشداریشی دا " ئەگەر لە پاش وادەی دیاری کراوی کە [ڕێککەوتن لەسەری کراوە] لە ئەفغانستان بمێننەوە ئێمە خۆمان دەیانکوژین بەبێ ئەوەی کەسێک خەڵاتمان پێبدات یان نا. ئێمە خەڵاتی خۆمان لە یەزدان وەردەگرین. ئێمە شەڕی داگیرکەردەکەین بەبێ خەڵات، بەبێ وەرگرتنی پارە."

ڕێککەوتنەکەی 29 ی مانگی دوو بە دەستپێشخەری ئەمەریکا بووە هۆی کردنەوەی وتووێژی ڕاستەوخۆ لە نێوان تالیبان و حکومەتی ئەفغانستان لە مانگی 9 دا بەڵام پرۆسەکە زۆر بە کاوەخۆ بەڕێوە دەچوو لە کاتێکدا هەردوو لایەنی نەیاری ئەفغانی یەکتریان تاوانبار دەکرد بەوەی کە ڕژد نین لە دانوستاندنەکاندا.

کابول داوای کردووە تالیبان ئاگربەست ڕابگەیەنێت بۆ ئەوەی وتووێژەکان بەرەوپێش بڕۆن لە هەمانکاتدا تالیبان سورە لەسەر ئەوەی پێویستە تێگەیشتنی سیاسی هەبێت بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ.

گوتەبێژی پەنتاگۆن جۆن کربی لە ڕاپۆرتێکی ڕۆژی پێنجشەممەدا ڕایگەیاند " بەبێ ئەوەی ئەوان [تالیبان] بەڵێنەکانی خۆیان بۆ ڕەتکردنەوەی تیرۆرسم و ڕاگرتنی هێرشەکانیان بۆ سەر هێزی ئاسایشی نیشتمانی ئەفغانستان بەجێ نەگەیەنن، زۆر سەختە ڕێککەوتنەکە بەرەوپێش بڕوات، بەڵام ئێمە هێشتا پەیوەستین پێیەوە."

بەڵام ستانیکزای واشنتنی تۆمەتبارکرد بەوەی نەیتوانیوە بگات بەو شتانەی لە ڕێککەوتنەکەدا دانرابوو، وەکو لابردنی نێوی ڕێبەرانی لە لیستی ڕەشی وڵاتەکە و ئازادکردنی زیندانیانی یاخیبوان لە گرتوخانەکانی ئەفغانستاندا.

XS
SM
MD
LG