Accessibility links

شاندێکی باڵای تالیبان سەردانی ئێران دەکات


ڕێبەرە باڵاکانی تالیبانی ئەفغانستان ڕۆژی سێشەممە سەردانی ئێرانیان کرد بۆ "ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕا" لەسەر وتووێژەکانی ئاشتی لەگەڵ حکومەتی ئەفغانستان بە نێوبژیوانی ئەمەریکا.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەید خەتیبزادێ ڕایگەیاند ئەو گروپە یاخیبووە بە فەرمی بانگهێشتی تاران کراون بۆ وتووێژی دوولایەنە " بۆ پێداچوونەوە بەسەر پرۆسەی ئاشتی ئەفغانستان."

میدیای فەرمی ئێران لە زاری خەتیبزادێوە ڕایگەیاندووە سەردانەکەی تالیبان " بەشێکە لە ڕێبازی تاران بۆ پەیوەندیکرن بە لایەنەکانی پرۆسەی ئاشتی ئەفغانستان."

ئەو ڕایشیگەیاندووە نوێنەرەکانی تالیبان لەگەڵ کاربەدەستە باڵاکانی حکومەتدا کۆبونەتەوە و بڕیارە لەگەڵ وەزیری دەرەوە جەواد زەریف‌یش کۆببنەوە.

مەلا عەبدولغەنی برادەر جێگری سەرۆکی وتووێژەکانی تالیبان و بەڕێوەبەری ئۆفیسی سیاسی گروپەکە لە دۆحای قەتەر، ڕێبەرایەتی شاندەکە دەکات.

تالیبان لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا دەڵێت، شاندەکەی لە وتووێژەکانیاندا لەگەڵ کاربەدەستانی ئێران باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێ دەکەن و " بارودۆخۆی ئێستای سیاسی و ئاسایشی لە ئەفغانستان و ناوچەکە". هیچ زانیارییەکی زیاتریان نەداوە.

شیکەرەوان دەڵێن ئەم هەنگاوەی ئێران بۆ بانگهێشتکردنی تالیبان دەشێت هەوڵێکبێت بۆ ئەوەی نیشانی بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک جۆو بایدن بدات کە ئێران خواستی ئەوەی هەیە ڕۆڵ بگێڕێت لە بەرەوپێشبردنی ئاشتی لە ئەفغانستان تا پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتن باش بکات.

تارق فەرهادی ڕاوێژکاری پێشوو و شیکاری سیاسی ئەفغانستان دەڵێت " سەردانەکەی تالیبان بۆ ئێران زیاتر بۆ بەرژەوەندی دیپلۆماسی ئێرانە لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی نوێی ئەمەریکا."

فەرهادی دەشڵێت " ئێران ئەوە نیشاندەدات کە دەتوانێت هاوکاربێت بۆ پرۆسەی ئاشتی لە ئەفغانستان و هاوکاری لە هەرێمەکە. ئێران دەخوازێت واشنتن سەرسام بکات."

تاڵیبان لە ئێستادا سەرقاڵی دانوستانە لە دەوحەی قەتەر، لەگەڵ تیمێکی دانوستانکار کە نوێنەرایەتی حکومەتی ئەفغانستان دەکەن، لە کاتێکدا هەردوولا لە ئەرکێکدان بۆ ڕێککەوتن لەسەرمامەڵەیەک بۆ هاوبەشی کردنی دەسەڵاتی سیاسی کە بۆ هەمیشە کۆتایی بە دوژمنایەتی کوشندە لە ئەفغانستان بهێنێت.

ئەو دیالۆگەی پێی دەوترێت دیالۆگی نێوان ئەفغانییەکان، ئەنجامی ئەو ڕێککەوتنەیە کە لە مانگی 2 ی ساڵی ڕابردوو لە نێوان بەرێوەبەرایەتی سەرۆکی پێشوو دانۆڵد ترامپ و تالیبان مۆرکرا بۆ کۆتاییهێنان بەو شەڕەی نزیکەی 20 ساڵە بەردەوامە.

بە پێی ئەو ڕێککەوتنە دەبێت هەمو سەربازانی ئەمەریکا و ناتۆ هەتا مانگی 5 ی ئەمساڵ، لە ئەفغانستان دەربچن و لە ئەنجامی ژمارەی سەربازانی ئەمەریکا لە 13هەزاری ساڵی ڕابوردۆوە بۆ 2500 کەم کراوەتەوە.

هەرچەندە بەڕێوەبەرایەتی نوێی جۆو بایدن دەخوازێت پێداچوونەوە بەسەر ڕێککەوتنەکەی نێوان تالیبان و ئەمەریکادا بکات.



XS
SM
MD
LG