Accessibility links

لایەنە نەیارەکان لە یەمەن وتووێژەکانیان لە ئوردن بۆ ئاڵوگۆڕکردنی زیندانیان دەستپێدەکەنەوە


کاربەدەستانی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەمەن ڕادەگەیەنن، گروپی حوسییەکانی و حکومەتی کە عەرەبستانی سعودیە پشتیوانی لێدەکات لە پاش نزیکەی 6 ساڵی شەڕی ناوخۆ، ڕۆژی یەکشەممە دەستیانکرد بە وتووێژێکی نوێ بە پشتیوانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئاڵوگۆڕکردنی زیندانیانیان.

ئەو کۆبونەوەیەی ئوردن چەند ڕۆژێک پاش ئەوە دەێت کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا حوسییەکانی هاوپەیمانی ئێرانی وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆرستی بیانی دەستنیشان کرد، ئەو هەنگاوەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری داوە ڕەنگە ببێتە هۆی بنکۆڵکردنی هەوڵەکانی ئاشتی زیاتر ئاڵۆزکردنی قەیرانی مرۆیی لە یەمەن.

فڕۆکەیەکی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی شەممە چوار لە سەرکردەکانی حوسییەکانی لە سەنعاوە بۆ عەمان گواستەوە. بە پێی قسەکانی محەمەد فەدایل سەرۆکی کۆمیتەی زیندانیانی حکومەت، ئەوانیش چوار نوێنەری خۆیان ناردووە.

وتووێژەکان بە مەبەستی ئازادکردنی 300 زیندانییە لە ناویاندا کاربەدەستە باڵاکانی وەکو برای سەرۆک عەبد ڕەبو مەنسور هادی.

ئسمینی پالا خانمە گوتەبێژی ئۆفیسی نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان مارتن گریفتس بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند " کۆبونەوەکان سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە دەستیانپێکرد."

ئەم کۆبونەوانەی بەشێکن نوێکردنەوەی وتووێژەکانی کە لە مانگی 12 ی ساڵی 2018 لە سوید بەڕێوەچوون. لەوێ هەردوولا قائیلبوون بە ئاڵوگۆڕکردنی نزیکەی 15 هەزار زیندانی نێوانیان.

بەڕێوەبەرایەتی نوێی جۆو بایدن لە ئەمەریکا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند دەستیکردووە بە پێداچوونەوە بەو دەستنیشانکردنەی کە لە ڕۆژی 19 ی مانگی 1 ڕۆژێک پێش سوێندخواردنی بایدن چووە بواری جێبەجێکردنەوە.

سەرۆکی دەستەی وتووێژکارانی حوسییەکان بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند گروپەکە لە وتووێژەکان ناکشێتەوە.

ئەو ناکۆکییەی یەمەن زیاتر بە شەڕێکی هەرێمی نێوان عەرەبستانی سعودیە و ئێران دەبینرێت، و هەتا ئێستا زیاتر لە 100 هەزار کەس لەو شەڕەدا کوژراون و وەک نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە بۆتە هۆی گەورەترین قەیرانی مرۆڤایەتی و برسێتی ملیۆنان کەس.

حوسییەکان نکوڵی لەوەدەکەن بەکرێگیراوی ئێران بن، ئەوان دەڵێن شەڕی دژ بە سیستمێکی گەندەڵ دەکەن.

XS
SM
MD
LG