Accessibility links

 بایدن وهێرس بەر لە سوێند خواردنیان رێز لە قوربانیانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەمەریکا دەگرن


بەرۆژێک بەر لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی جۆو بایدنی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا و جێگرەکەی کامڵا هێرس رۆژی سێشەممە لە میانەی بۆنەیەکدا لە واشنتن رێز لە ژیانی 400 هەزار ئەمەریکایی دەگرن ئەوانەی بە نەخۆشی کۆڤید-19 مردوون .

لە بۆنەکەدا هاوسەرەکانیان "جیڵ بایدن و دوۆگ ئێمهۆف " یاوەری بایدن و کامڵا دەکەن بۆ هەڵکردنی 400 گلۆپ لە ناوچەی Lincoln Memorial Reflecting Pool ، کە دەکەوێتە ئەوبەری مۆڵی نیشتمانی لە باڵەخانەی کۆنگرسەوە ،واتا لەو شوێنەی کە بایدن و هێرس رۆژی چوارشەممە سوێندی وەرگرتنی پۆستەکانیانی تێدا دەخۆن .

کۆمیتەی سەرپەرشتکاری رێوڕەسمی سوێندخواردنی بایدن گوتی ؛ شوێنە ناودارەکانی دیکە لە سەرانسەری ئەمەریکا لەوانە Empire State Building in New York و Space Needle لە شاری سیاتڵ لەهەمان کاتدا گلۆپەکانیان هەڵدەکرێن و بەسەدان لە شارۆچکەکان ، عەشیرەتەکان و کۆمەڵگەکانی وڵاتیش بەشداری لە ساتەوەختێکی یەکریزی نیشتمانیدا دەکەن .

بایدن و هێرس چارەسەرکردنی نەخۆشی کۆڤید-19 یان کردوەتە بایەخی سەرەکی دەسپێکی دەست بەکاربوونی بەڕێوەبەرایەتیەکەیان بە ئامانجی کوتانی 100 ملیۆن بە ڤاکسینی دژی نەخۆشییەکە لە یەکەم 100 رۆژدا و لەگەڵ دابینکردنی یارمەتی بۆ ئەوانەی بەهۆی زیانەکانی ئابووری ئاکامی پەتاکەوە دەناڵێنن.

هەتا ئەمڕۆ پتر لە 12 ملیۆن کەس یەکەم ژەم لە کۆی دوو ژەمی ڤاکسینەکەیان لێدراوە لە ئەمەریکادا ، ئەو وڵاتەی ئەوەی لە سەر ئاستی جیهانی زۆرترین حاڵەتەکانی تووشبون بە پەتاکە و مەرگی ئاکامی کۆڤید -19 ی تۆمارکردوە. هەر لە رۆژی سێ شەممەشدا ، ئەنجومەنی سەنات دەستدەکات بە پرۆسەی تاوتوێکردنی ئەو کاربەدەستە باڵایانەی کە جۆو بایدن بەربژاری کردوون . بەربژارکراوەکانی جۆو بایدن ئەوانەی ئامادەی بەردەم کۆمیتەی سەنات دەبن بریتین لە وەزیری خەزێنە " جانێت یێڵن ، وەزیری دەرەوە "ئەنتنی بڵینکن " ، وەزیری بەرگری " لۆید ئۆستن" ، وەزیری ئاسایشی نیشتمانی " ئەڵیهاندرۆ مەیۆکس " و بەڕیوەبەری هەواڵگری نیشتمانی " ئاڤڕڵ هەینز"

جۆو بایدن بەشێک لە رۆژی دوو شەممە ی لە بۆنەی رۆژی نیشتمانی بۆ یادەوەری پشووی ساڵانە بۆ رێزلێنان لە رابەری مافەکانی سیڤیڵ " مارتن لوثەر کینگ " ی بە سەر برد وەک خۆبەخشێک کاری لە بانکێکی خۆراک لە شاری فیلادیڵفیا ی رۆژهەڵاتی وڵات کرد.

دوای ئەوەی کامڵا هێرس و هاوسەرەکی کاری خۆبەخشیان لە نێو بانکێکی خۆراکدا لە واشنتن کرد، کامڵا هێرس لە ئاستی نیگەرانیەکانی ئاسایشی بۆ سەر خودی خۆی کەمکردەوە بەر لە رۆژی سوێندخواردنەکە و دەڵێت " زۆر بە پەرۆشەوە دەڕوانێتە ئەوەی کە سوێندەکە بخوات و بە پەیامنێرانی گوت ؛ من بە شانازیی و سەربڵندییەوە لەو ساتەدا بۆ ئەوێ دەڕۆم .

کاربەدەستانی ئاسایش لە ئەمەریکا دەڵێن ئەوان هەموو رێوشوێنێکی خۆپاراستن دەگرنەبەر لەوانە؛ پشکنینی ئاسایشی بۆ ئەستۆ پاکی 25 هەزار لە ئەندامانی گاردی نیشتمانی لەلایەن بیرۆی لێکۆڵینەوەی فیدرالی کە ئەرکی پاراستنی رێوڕەسمی سوێندخواردنەکەی رۆژی چوارشەممەیان لە واشنتن پێدەسپێردرێت ، ئەمەش بە دوو هەفتە دوای ئەوەی لایەنگرانی سەرۆک ترەمپ هوروژمیان کردە نێو باڵەخانەی کۆنگرسی ئەمەریکا وە .

" کریستۆفەر میڵلەر " بریکاری وەزیری بەرگری لە راگەێندراوێکدا گوتی ؛ هاوکاتی ئەوەی هیچ ئاماژەیەکی هەواڵگری بۆ هەڕەشەیەکی نێوخۆ لە گۆڕیدا نییە بەڵام ئێمە لە پێناو پاراستنی پایتەختدا ، هەموو رێوشوێنێک دەگرینە بەر. ناوبراو گوتی هێزەکان راهێنانی زیاتریان پێدەکرێت کاتێک دەگەنە واشنتن و پێیان گوتراوە کە ئەگەر شتێک ببینن یان ببیستن کە بەلایانەوە نابەجێ بێت ،دەبێت بەرپرسانی سەرۆخۆیانی لیئاگادار بکەنەوە.

شوێنی رێورەسمی سوێندخواردنەکە بە شوورای بەرز دەورە دراوە و سەرەکەشێ بە تەلی دڕکاوی تەلبەند کراوە ، ئەمەش پیشاندانێکی زۆر زیاتری رێکارەکانی ئاسایشە بەبەراورد بەوەی کە لە رێوڕەسمەکانی چوار ساڵەیی پێشووی سوێندخواردنەکاندا باو بووە.

دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا نەشناڵ مۆڵیان داخستووە لەگەڵ وسێتگەکانی مێترۆ ی ژێرزەوی لە بەشی زۆری ناوەندی واشنتن . ئەو پردانەشی ستانی ڤێرجینیا بە واشنتنەوە دەبەستنەوە ئەوانیش داخراون .

سەرۆک دانۆڵد ترەمپ نەریتی 160 ساڵی دەشکێنێت و ئامادەی رێورەسمی سوێندخواردنی جێگرەوەکەی نابێت و لە بری ئەوە بەیانی رۆژی چوارشەممە بە فرۆکە بەرەو حەوانگەی خۆی لە فلۆریدا دەکەوێتە ڕێ. مایک پێنس جێگری سەرۆک ترەمپ بەنیازە ئامادەی رێورەسمی سوێندخواردنەکە ببێت .

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا هەفتەی رابردوو بۆ دووەم جار لێپێچینەوەی بە مەبەستی لادانی لە ترەمپ کرد و سەرۆک ترەمپ ی بە هاندان بۆ یاخیبوون تۆمەتبارکرد و بڕیارە دادگایی کردنەکەی ترەمپ لەلایەن ئەنجومەنی سیناتەوە بە زوویی دوای سوێندخواردنی بایدن دەستپێبکات. ئەگەر سەرۆک ترەمپ بە فەرمی تاوانبار بکرێت، دەبێتە یەکەم سەرۆکی ئەمەریکا بۆ دوو جار لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکرێت بەمەبەستی لابردنی لە پۆستەکەی ودەشێت دووبارە گرتنەوە دەستی پۆستی سەرۆکایەتی لێقەدەغە بکرێت .

بەر لەوەی کۆشکی سپی بەجێبهێڵێت ، پێشبینی دەکرێت سەرۆک ترەمپ بە دەیان لێبووردن و کەمکردنەوە حوکمی زیندانی دەربکات کە رەنگە بۆ لایەنگرانی سەرەکی خۆی بن ئەوانەی بە ئەنجامدانی تاوان حوکم دراون یان رووبەڕوی دادگایکردن دەبنەوە.

XS
SM
MD
LG