Accessibility links

هیندستان هەڵمەتی کوتانی دژ بە کۆڤید-19 دەستپێدەکات


ڕۆژی شەممە هیندستان دەستیکرد بە هەڵمەتی کوتانی دژ بە کۆڤید-19. کارمەندانی تەندروستی یەکەم کەسەکان دەبن کە ڤاکسینەکە وەربگرن.

هەڵمەتەکە پاش ئەوە دەستیپێکرد کە سەرۆک وەزیر نارێندرا مۆدی وتارێکی تەلەفیزیۆنی بۆ سەرانسەری وڵات پێشکەشکرد.

مۆدی گوت " ئێمە دەستدەکەین بە گەورەترین هەڵمەتی کوتانی جیهانی و توانایی خۆمان بە جیهان نیشان دەدەین."

بە پێی ئاماری نێوەندی لێکۆڵینەوەی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەی جۆنس هۆپکینس، ڕۆژی هەینی ژمارەی ئەو کەسانەی لە سەرانسەری جیهاندا بەهۆی کۆڤید -19 وە گیانیان لەدەستداوە لە دوو ملیۆن کەس تێپەڕ بوو، ئەمەش نزیکەی ساڵێک پاش بڵاوبوونەوەی ئەوڤایرۆسە لە ووهانی چینەوە.

ڕۆژی هەینی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند " لەپشتی هەر یەک لەو ژمارانە،دەموچاوێک و ناوێکە، پێکەنینێک کە ئیدی تەنها یادگارییەکانی دەمێنێتەوە و لە ماڵەکەیدا بۆ هەمیشەیی جێگایی دیاردەبێت."

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتیشی ژمارەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە بەهۆی نەبوونی هەماهەنگی جیهانییەوە زیادی کردووە.

هەتا ئێستا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ژمارەی حاڵەتەکانی کۆرۆنا و مردن بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوەی لە هەمو جیهان زیاترە. ڕاپۆرتەکەی جۆنس هۆپکنس دەڵێت زیاتر لە 23 ملیۆن کەس لە ئەمەریکا توشی کۆرۆنا بوون و ژمارەی ئەو کەسانەش کە بەهۆیەوە گیانیان لە دەستداوە نزیکەی 400 هەزارە.

ژمارەیەک لە ویلایەتەکان دەستیان کردووە بە هەڵمەتی ڤاکسین بۆ کارمەندانی تەندروستیوکەسانی بەساڵاچوو.

سەرۆکی هەڵبژێردراو جۆو بایدن ڕۆژی هەینی پلانێکی ئاشکرا کرد بۆ خێراکردنی هەڵمەتی ڤاکسینی کۆڤید-19 و زیادکردنی بودجەی فیدڕاڵی بۆ دانانی هەزاران نێوەندی کوتان و بەرهەمهێنانی ڤاکسینی زیاتر.

نێوەندی ڕێگەگرتن و کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکانی ئەمەریکا (CDC) ڕۆژی هەینی هۆشداری دا کە شێوازە نوێیەکەی کۆڤید-19 کە زۆر زووتر بڵاودەبێتەوە ڕەنگە هەتا مانگی 3 لە ئەمەریکا بە خراپی بڵاوببێتەوە.

ئەو جۆرە نوێیە سەرەتا لە بەریتانیا بەدیکرا ، دەبێتە هۆی زیادکردنی هەڕەشە بۆ سەر قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەمەریکا کە ژمارەی توشبوون و مردن بەهۆی ڤایرۆسەکە گەیشتۆتە بەرزترین ئاست.

CDCدەڵێت ئەو جۆرە نوێیە جۆرێکی قورستر نییە بەڵام زووتر بڵاودەبێتەوە لەوەی ئێستا.

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی ئۆریگەن ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کەسێک کە بەمدواییانە گەشتی بۆ هیچ شوێنێکیش نەکردووە توشی ئەو جۆرە نوێیەی کۆڤید-19 بووە.

XS
SM
MD
LG