Accessibility links

کەمکردنەوەی ژمارەی سەربازانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان


لەشکری ئەمەریکا گەیشتە ئامانجی کەمکردنەوەی ژمارەی سەربازانی لە ئەفغانستان بۆ نزیکەی دوو هەزارو 500 سەرباز هەتا ڕۆژی هەینی، کە ڕەنگە ئەم کەمکردنەوەیە پێشێلکاریبێت لە بڕیاری کۆنگرێس.

سەرۆک دانۆڵد ترامپ، کە فەرمانی کەمکردنەوەی هێزەکانی لە مانگی 11 دا، ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند ژمارەی سەربازانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان گەیشتۆتە کەمترین ئاست لە ماوەی 19 ساڵی ڕابردوودا، هەرچەندە ئاماژەی بە هیچ ژمارەیەک نەکرد.

لە مانگی 2 ی ساڵی ڕابردوو بەڕێوەبەرایەتییەکەی ڕێککەوتنێکی لەگەڵ تالیباندا کرد بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی سەربازانی ئەمەریکا قۆناغ بە قۆناغ هەتا لە مانگی 5 ی ساڵی 2021 تەواوی هێزەکە لە ئەفغانستان بکشێنەوە. هەرچەندە ڕوون نییە بەڕێوەبەرایەتی داهاتووی بایدن چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتەدا دەکات.

سەرۆکی هەڵبژێردراو جۆو بایند، کە پشتیوانی لەوە کردبوو هێزێکی کەمی دژە تیرۆر لە ئەفغانستان بمێننەوە بۆ ئەوەی دڵنیابن گروپە توندڕەوەکانی وەکو ئەلقاعیدە نەتوانن لەوێوە هێرش بکەنە سەر ئەمەریکا، ڕووبەڕووی چەندین پرسیار لەسەر ئەفغانستان دەبێتەوە. یەکێک لەوانەش ئەوە چۆن مامەڵە لەگەڵ کەمکردنەوەی ژمارەی سەربازەکاندا دەکات.

ترامپ لە لێدوانە کورتەکەیدا خواستی لەمێژیینەی خۆی بۆ دەرچوونی تەواو لە ئەفغانستان نیشان دا و گوتی " هەمیشە پابەندم بە وەستاندنی شەڕە بێکۆتاییەکان". مەبەستی لە شەری ئەمەریکایە لە ئەفغانستان کە لە ساڵی 2001 وە دەستیپێکردووە و شەڕی عێراق کە لە 2003 وە دەستیپێکردووە.

هەرچەندە بەرپرسانی باڵای لەشکری هۆشداری دژ بە کەمکردنەوەی خێرای هێزەکانیان لە ئەفغانستان داوە، بەڵام کریستۆفەر میلەر، وەزیری بەرگری بە وەکالەت، ڕۆژی 17ی مانگی 11 ڕایگەیاند، کە ئەو فەرمانی ترامپ جێبەجێ دەکات.

لە ئەنجامدا سەرکردە لەشکرییەکان لە چەند هەفتەی ڕابردوودا زیاتر لە 1500 سەربازیان لە وڵاتەوە کشاندەوە. بە فەرمانی ترامپ، سەرکردەکان هەروەها لە هەمان ماوەدا ئاستی هێزەکانی ئەمەریکایان لە عێراق بۆ لە نزیکەی 3 هەزارەوە بۆ 2 هەزارو 500 کەمکردەوە.

بڕیارەکەی ئەفغانستان هەندێک کەس بە هەنگاوێکی ناپێویستی دەزانن و دەڵێن بڕیارەکانی بەڕێوەبەرایەتی داهاتوو لەسەر ئەفغانستان ئاڵۆز دەکات.

ترامپ لەو کاتەدا ئامادە نەبوو دانبەوەدا بنێت کە لە هەڵبژاردنەکاندا دۆڕاوە و لە 20 ی مانگی1 دا دەسەڵاتەکانی بۆ بایدن دەگوازرێتەوە. لە کۆنگرێسیش ژمارەیەک لە یاسادانەران لە ناویاندا چەند کۆمارییەکیش دژی ئەو بڕیارەی ترامپن.

بە پێی بڕیاری دوو هەفتەی ڕابردوو بۆ بەرگری نیشتمانی کە لە لایەن کۆنگرێسەوە پەسەند کرا، بە ڕوونی ڕێگە لە پەنتاگۆن گیراوە بودجەی ئەم ساڵ یان ساڵی ڕابوردوو بەکاربهێنێت بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی سەربازەکان بۆ کەمتر لە 400. تراپ ئەو بڕیارەی ڤیتۆ کرد بەڵام هەردوو ئەنجومەنی نوێنەرانی و سیناتیش بڕیاری ڕەتکردنەوەی ڤیتۆکەیان دا.

XS
SM
MD
LG