Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت ئێران بنکەی نوێی ئەلقاعیدەیە


مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە گوتی ڕێکخراوی ئەلقاعیدە بنکەیەکی نوێی لە ئێران دامەزراندووە و کاتی ئەوە هاتووە " بۆ ئەمەریکا و هەمو وڵاتانی ئازاد کە هاوپەیمانی ئێران و ئەلقاعیدە تێکبشکێنن."

ئەم لێدوانە لەلایەن ئێرانەوە ڕەتکراوەتەوە و بە ناڕاست لەقەڵەم دراوە.

پۆمپەیۆ لە لێدوانەکەیدا ڕایگەیاند ئێران پەناگەی پارێزراوی داوە بە سەرکردەکانی ئەلقاعیدە و پشتگیری ئەو گروپە دەکات.

هەروەها پەمپەیۆ ڕایگەیاند ئیسماعل فوئاد ڕەسوڵ ئەحمەد و فوئاد ئەحمەد نوری ئەلشەخان و نیعمەت حەمە ڕەحیم حەمە شەریف کە ئەمانە ڕێبەرانی بەتالیۆنی کوردی ڕێکخراوی قاعیدەن و گروپێکن لەسەر سنوری نێوان عێراق و ئێڕان کاردەکەن بەمەش ئەم کەسانە دەکەونە ژێر سزاکانی ئەمەریکاوە، قەدەغەیە بۆ هەر هاووڵاتییەکی ئەمەریکایی مامەڵەیان لەگەڵدا بکات.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە مانگی یازدەدا ڕایگەیاند کە ئەبو محەمەد ئەلمسری ئەلقاعیدە کە تۆمەتبارکرابوو بە هاوکاریکردن و ڕێکخستنی تەقینەوەکانی ساڵی 1998ی دوو باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ئافریکا، لەلایەن کاربەدەستانی ئیسرائیلەوە لە ئێران کوژراوە. ئێران هەواڵەکەی بەدرۆ خستەوە و گوتی "هیچ ئەلقاعیدەیەکی تیرۆریست " لە وڵاتەکەیدا نییە .

پۆمپەیۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە یانەی ناشناڵ پرێس لە واشنتن، بە ئاشکرا بۆ یەکەم جار ڕایگەیاند کە ئەلمسری لە 7ی مانگی 8ی ساڵی ڕابردوو دا مردووە.

پۆمپەیۆ وتی، کە بوونی ئەلمسری لە ئێران هیچ جێگای سەرسوڕمان نییە و ئەوەشی وت "ئامادەبوونی ئەلمسری لە ناوخۆی ئێران هۆکاری ئامادەبوونی ئەمڕۆی ئێمەیە لێرە وئەلقاعیدە بنکەیەکی نوێی هەیە کە ئەویش : کۆماری ئیسلامی ئێرانە ".

هەروەها پاداشتی تا 7 ملیۆن دۆلاری ڕاگەیاند بۆ ئەو کەسەی یارمەتی بدات و زانیاری هەبێت لە شوێن و پێگەی محەمەد ئەبتای - ناسراو بە عەبدولڕەحمان مەغرێبی ڕێبەری ئەلقاعیدەی نیشتەجێ لە ئێران.

پەیوەندییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن لە ساڵی 2018 بەو بەروە بەرەو خراپتربوون ڕۆیشتوە کاتێک ترامپ بە شێوەیەکی یەک لایەنە لە ڕێکەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015ی ئێران کشایەوە.

XS
SM
MD
LG