Accessibility links

پاکستان ڕێبەرێکی گومانباری تیرۆست دەستگیر دەکات


کاربەدەستێکی دژە تیرۆری پاکستان ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند پاکستان پیاوێکی دەستگیر کردووە کە تۆمەتبارە بە ڕێبەرایەتیکردنی ئەو گروپە توندڕەوە ئیسلامییەی ئەمەریکا و هیندستان تاوانباریان کردووە بە ئەنجامدانی تەقینەوەکانی ساڵی 2008 ی مۆمبای.

کاربەدەستەکە دەڵێت دەستگیرکردنەکە پەیوەندی بە هاوکاریکردنی دارایی تیرۆرسمەوە هەیە نەک بە هێرشێکی دیاریکراوەوە.

گوتەبێژی بەشی دژە تیرۆری ویلایەتی پەنجاب گوتی " ڕێبەری ڕێکخراوی قەدەغەکراوی لەشکرێ تەیبە زەکییۆر ڕەحمان لەخڤی بە تاوانی هاوکاری کردنی دارایی تیرۆرسم دەستگیر کراوە."

کۆمیتەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سزاکان دەڵێت لەخڤی بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەکانی لەشکرێ تەیبەیە و تاوانبار کراوە بەوەی دەستی هەبووە لە چالاکییە توندڕەوییەکانی ئەو گروپە لە چەندین ناوچەو وڵات لە ناویاندا چیچنیا، بۆسنیا، عێراق و ئەفغانستان.

دەسەڵاتدارانی هیندستان دەڵێن تەنها چەکدارای زیندوماوی هێرشەکانی ساڵی 2008 ی مۆمبای، کە 166 کەسی تێدا کوژران، لە کاتی لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیدا بەر لەوەی لەسێدارە بدرێت گوتبووی پەیوەندییان بە لەخڤی‌یەوە هەبووە.

لەمێژە هیندستان داوای لە پاکستان کردووە لەخڤی دادگایی بکرێت، بەڵام ئیسلامئاباد دەڵێت دهلی بەڵگەی تۆکمەی نەخستۆتە ڕوو بۆ دادگایی کردنی ئەو ڕێبەری لەشکرێ تەیبە. ئەو سەرەتا لە ساڵی 2008 دەستگیر کرا بەڵام بە کەفالەت ئازاد کرا.

عمران گیل پارێزەری لەخڤی دەستگیرکردنەکەی پشتڕاست کردەوەو بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند لە هەفتەی داهاتوودا دانیشتن لە سەر دۆسێکەی دەکرێت. وەڵامی هیچ پرسیارێکی تری نەدایەوە.

پیاوێکی تریش بە ناوی حافیز سەید کە هیندستان بە پلانداڕێژەری هێرشەکەی مۆمبای دەزانێت لە ساڵی ڕابوردوو لەلایەن دادگایەکی پاکستانەوە تاوانبار کرا. سەید نکوڵی لەوەکرد دەستی هەبووبێت لە هێرشەکەی هیندستاندا.

XS
SM
MD
LG