Accessibility links

سێهەم حاڵەتی شێوازە گۆڕاوەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەمەریکا ڕادەگەیەندرێت


کاربەدەستانی تەندروستی لە ویلایەتی فلۆریدا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایانگەیاند حاڵەتێکی ئەو جۆرە گۆڕاوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایان لە ویلایەتەکەدا بەدیکردووە کە سەرەتا لە بەریتانیا دەرکەوت، ئەمەش سێهەم حاڵەتی ئەو جۆرە نوێیەی ڤایرۆسەکەیە لە ئەمەریکا دیاری بکرێت.

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی فلۆریدا دەڵێت توشبووەکە پیاوێکە کە لە بیستەکانی تەمەنیدایە و لە ناوچەی مارتنی ویلایەتەکە دەژێت و گەشتیشی بۆ هیچ شوێنێک نەکردووە. دوو حاڵەتەکانی تری ئەم جۆرەی کۆرۆنا لە ئەمەریکا لە ویلایەتەکانی کۆلۆرادۆ و کالیفۆرنیا دیاری کراوە.

بەڕێوەبەرایەتییەکە لە تویتێکدا ڕایگەیاندووە لەگەڵ نێوەندی ئەمەریکا بۆ کۆنترۆڵکردن و ڕێگەگرتن لە نەخۆشییەکان (CDC) کاردەکات بۆ لێکۆڵینەوە کردن لەسەر حاڵەتەکە.

ڕۆژی چوارشەممەش فەرمانڕەوای کالیفۆرنیا گاڤن نوسەم گوتی شێوازی گۆڕاوی ڤایرۆسی کۆرنا کە بە B.1.1.7 ناسراوە لە باشوری کالیفۆرنیا بەدیکراوە. ڕۆژێک پێشتریش فەرمانڕەوای کۆلۆرادۆ جێرد پولیس یەکەم حاڵەتی ئەو جۆرە ڤایرۆسەی لە ئەمەریکا لە ویلایەتەکەی ڕاگەیاند.

ئەو حاڵەتانەش کە هەتا ئێستا دیاری کراون هیچیان بەم دواییانە گەشتیان بۆ هیچ شوێنێک نەکردووە. شارەزایانی تەندروستی لەوبڕوایەدان ئەم شێوازە گۆڕاوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا خێراتر بڵاودەبێتەوە بەڵام پێیان وایشە ئەو ڤایکسینانەی بەم دواییە دژ بە کۆرۆنا پەسەند کراون دەشێت بەرگری لەش لە دژی ئەم جۆرەش زیاد بکات.

XS
SM
MD
LG