Accessibility links

باوکی سەرۆک وەزیری بەریتانیا داوای ڕەگەزنامەی فەرەنسا دەکات


باوکی بۆریس جۆنسن‌ سەرۆک وەزیری بەریتانیا، ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند لە پرۆسەی پێشکەشکردنی داخوازینامەی بەدەستهێنانی پاسەپۆرتی فەرەنسیدایە بۆ هێشتنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپادا پاش دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا (ئەو پرۆسەیەی بە بریکسێت ناسراوە).

ستانلی جۆنسن، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی ئەوروپا کە لە ڕیفراندۆمەکەی ساڵی 2016 دەنگی بە مانەوەی بەریتانیا لە یەکێتییەکە دا، بە ڕادیۆی RTLی ڕاگەیاند ئەو ویستی ببێت بە هاووڵاتی فەرەنسا چونکە پەیوەندییەکی بەهێزی خێزانی لەگەڵ فەرەنسادا هەیە.

جۆنسنی تەمەن 80 ساڵان کە بە زمانی فەرەنسی قسەی کرد گوتی " ئەگەر بە ڕاستی تێگەیشتبم، من فەرەنسیم، دایکم لە فەرەنسا لە دایک بووە، دایکی ئەو لە ئەسڵدا فەرەنسی وەکو باپیری. جا بۆمن گەڕانەوەیە بۆ هەمان شتی کە پشتر هەمانبووە. ئەوەش خۆشحاڵم دەکات."

ناوبراو گوتیشی " بێگومان هەمیشە ئەوروپاییەک دەبم. کەس ناتوانێت بە خەڵکی بەریتانیا بڵێت: تۆ ئەوروپایی نیت. هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپادا گرنگە."

بەڵام بۆریسی کوڕی لە ڕیفراندۆمەکەی ساڵی 2016دا یەكێک بوو لە کەسە ناودارەکانی هەڵمەتەکان بۆ دەرچوون لە یەکێتییەکە و گوتی بەریتانیا دەشێت وەک گەلێکی تەواو سەروەر لە دەرەوەی ئەو یەكێتییەی کە ئەو بە زۆر بیرۆکراسی وەسفی کرد سەرکەوتووبێت.

بەڵام لە ڕۆژی چوارشەممە سەرۆک وەزیری بەریتانیا پەیامێکی زۆر نەرمتری هەبوو لە کاتێکدا کە پەرلەمان ڕێککەوتنی نوێی ئابوری لەگەڵ یەکێتی ئەوروپادا مۆر کرد و گوتی " ئەمە کۆتایی بەریتانیا نییە وەکو وڵاتێکی ئەوروپا. ئێمە لە چەندین ڕێگاوە شارستانیەتی سەرەکی ئەوروپاین و ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر ئەمە."

بەریتانیا بە فەرمی لە شەوی پێنجشەممەوە یەكێتییەکە بەجێدەهێڵێت پاش 48 ساڵ ئەندامێتی لەناو ئەو یەکێتییەدا.

XS
SM
MD
LG