Accessibility links

ئەنجومەنی سیناتی ئەرجەنتین دەنگی دا بۆ بە یاسایی کردنی منداڵ لەباربردن


ئەنجومەنی سیناتی ئەرجەنتین ڕۆژی چوارشەممە دەنگی بە بە یاسایی کردنی لەباربردنی منداڵ دا و ئەمەش بۆ یەکەم جار لە وڵاتێکی گەورە لە ئەمەریکای لاتین سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ چالاکوانانی مافی ژنان لە بەرامبەر ناڕەزاییەتی ئاشکرای کڵێسا کاتولیکەکاندا.

لەباربردنی منداڵ لە ناوچەیەکدا کە کڵێساکان چەندین سەدەیە لە ڕووی سیاسی و کلتورییەوە کاریگەرییان هەیە زۆر دەگمەنە. پێشتر تەنیا لە کوبا و ئۆرۆگوای بچوک و لە چەند بەشێکی مەکسیکدا لەسەر داوا کردنی لەباربردن ڕێگە پێدرابوو.

دوای دانوستانێکی چڕ و درێژ، دواجار سیناتۆرە ئەرجەنتینیەکان لە کۆی 68 دەنگ بە 38 دەنگی ئەرینیەوە یاساکەیان پەسەند کرد و بە پێی یاساکە لەمەودا ژنانی دووگیان ڕێگەپێدراون بۆ لەباربردن تا هەفتەی 14 دووگیانیان.

پڕۆژە یاساکە نزیکەی مانگێک لەمەوبەر لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی پەرلەمانی ئەرجەنتینەوە پەسەند کرابوو.

لە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی دەنگەکانی سینات، هەزاران کەس کە پشتگیری پرۆژە یاساکەیان دەکرد، لە دەرەوەی بینای ئەنجومەنی سینات لە بۆینس ئایرس کۆ بوونەوە و خوشحاڵی خۆیان دەڕبڕی و ئاڵای سەوزیان هەڵکرد کە نوێنەرایەتی هەڵمەتەکەیانی دەکرد.

مۆنیکا ماچا، یاسادانەرێکی هاوپەیمان لەگەڵ ئەلبێرتۆ فێرناندێز سەرۆکی ئەرجەنتین لە هەژماری تویتەری خۆیدا خوشحاڵی خۆی دەردەبڕی و گوتی " خۆشکەکان، ئێمە ئەوەمان پێکەوە کرد و مێژوومان دروست کرد بەیەکەوە و هیچ وشەیەک نییە بۆ ئەم ساتە کە بە جەستە و ڕۆحدا تێپەڕ دەبێت."

فێرناندێز خۆیشی پاش ماوەیەک گوتی: "لەباربردنی پارێزراو ئازاد و یاسایە و لە ئەمڕۆدا ئێمە وەک کۆمەڵگەی باشتر دەرکەوین کە مافی ژنان پەرە پێدەدات و تەندروستیی گشتیش مسۆگەر دەکەین"

بەڵام پاپا فرانسیس کە خۆی ئەرجێنتینیە، ناڕەزایەتی کڵێسای لە تویتەری خۆیدا ڕۆژی سێشەممە پێش مشتومڕی ئەنجومەنی سینات دەربڕیبوو لە دژی یاساکە و گوتبووی" کوڕی خودا واتە عیسای مەسیح کە منداڵێکی نەخوازراو بوو لە دایک بوو تا پێمان بڵێت کە هەموو منداڵە نەخوازراوەکان منداڵی خودان."

خوان پاپیەر توێژەری باڵای ئەمەریکا لە ڕێکخراوی ڕوانگەی مافەکانی مرۆڤ دەڵێت " بە یاسا کردنی منداڵ لەباربردن لە وڵاتێکی گەورەی کاتولیکدا وەک ئەرجەنتین، دەبێتە هۆی وزەپێدانی خەبات بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی ژنان لە ئەمەریکای لاتیندا."

لە ئەرجەنتین تاکو پێش ئەم یاسایە منداڵ لەباربردن تەنها لەو حاڵەتانەدا ڕێگە پێدراوە کە ژنێک بە هۆی دەستدرێژی سێکسیەوە دووگیان بووبێت یان لە حاڵەتی مەترسی تەندروستی بۆ سەر ژنێکی دووگیان. وەزارەتی تەندروستی ئەرجەنتین دەڵێت، کە لە ساڵی 1983-2018وە زیاتر لە 3هەزار ژن بەهۆی لەبارچوونی نایاساییەوە گیانیان لەدەستداوە.

XS
SM
MD
LG