Accessibility links

وەزیری وزەی ئێران پاش کەمکردنەوەی هەناردەی گازی سروشتی سەردانی عێراق دەکات


تەلەفیزیۆنی دەوڵەتی عێراق ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند عێراق لە دوای کەمکردنەوەی زۆری گازی سروشتی لەلایەن ئێرانەوە لە 50 ملیۆنەوە بۆ 5 ملیۆن مەتر سێجا، بەدەست قەیرانێکی گەورەی کارەباوە دەناڵێنێت.

تاران دهڵێت بەغدا دەبێت بە لانی کەمەوە چەند ملیار دۆلارێک لەو 5 ملیار دۆلارە بە هۆی کارەبا و گازی سروشتیەوە بە تاران قەرزدارە،قەرەبوو بکاتەوە.

ڕەزا ئەردەکانیان وەزیری وزەی ئێران لە سەردانێکیدا بۆ بەغدا ڕۆژی سێشەممە بۆ تاوتوێکردنی قەیرانەکە سەردانی هەندێ لە بەرپرسانی باڵای عێراقی کرد، لەوانە مەجید هانتوش وەزیری کارەبا و موستەفا غاڵیب سەرۆکی بانکی ناوەندی عێراق.

هەروەها ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە بەغدا لەگەڵ میلیشیا شیعەکانی سەر بە تاران کۆبۆتەوە.

سەردانەکان دوای ئەوە ئەنجامدران کە نێوانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، موستەفا کازمی و فەرماندەکانی میلیشیا شیعەکانی سەر بە ئێران لە ناویاندا قەی ئەلخەزعەلی سەرکردەی میلیشیای عەسائب ئەهلوئەلحەق کێشە و ئاڵۆزی تێکەوت لە سەر دەستگیرکردنی هەندێ لە ئەندامانی میلیشیاکە کە تۆمەتبارکراون بە هەڵدانی مووشەک بۆ باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا.

عەلی ڕەبیعی گوتەبێژی حکومەتی ئێران ڕۆژی سێشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە تاراندا ڕایگەیاند ئێران هیچ پەیوەندییەکی بەو ملیشیایانەوە نییە کە باڵوێزخانەکەیان مووشەکباران کردووە و گوتیشی واشنتن " ئاگادارە کە چەندین گروپی جیاواز لە عێراق هەن و دەیانهەوێت کۆتایی بە داگیرکاریەکانی ئەو وڵاتە بهێنن ." ئەو هەروەها ئەمەریکاشی تۆمەتبارکرد بە دروستکردنی پەشێوی و گرژییەکان لە ناوچەکەدا.

هەفتەی داهاتوو یەکەمین ساڵیادی هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمەریکایە کە تێیدا فەرماندەی باڵای سوپای پاسدارنی ئێران، قاسم سولەیمانی لە کاتی هاتنە دەرەوەی لە فڕۆکەخانەی بەغدا هێرشی کرایە سەر و کوژرا. هەندێک لە سەرکردەکانی ئێران و هاوپەیمانە میلیشا عێراقییەکانیان بەڵێنیان داوە تۆڵەی مردنی سلێمانی بکەنەوە.

سەرۆکی پێشوی ئێران ئەبولحەسەن بەنی سەدر بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند ڕەوشی عێراق ئاڵۆزە و حکومەتی عێراق لە رووی سیاسییەوە ئیفلیج بووە و لە رووی داراییشەوە ئیفلاسی کردووە. ئەو گوتی هەر لەبەر ئەم هۆکارانە گومانی هەیە ئێران هەوڵی لەناوبردنی حکوومەتەکەی " کازمی " بدات .

گوتی ڕوخانی ڕژێم تنها کاتێک مانای هەیە کە حکومەت کارا و چالاک بێت، بەڵام دەوڵەت ئیفلیجە و حکومەت کار ناکات. ئەو گوتیشی عێراق ئێستا لە تێکۆشاندایە بۆ پاراستنی هاوسەنگییەکی ناوخۆیی لەنێوان سوننە و شیعە و کورد و هاوسەنگییەکی دەرەکیش لە نێوان ئێران و سعودیە و تورکیا.

بەنی سەدر گوتی کە پێی وانیە ئێران کاردانەوەی هەبێت لە ساڵرۆژی کۆچی دوایی سلێمانی دا چونکە "لە باری سەربازیەوە ئەوەندە بەهێز نییە" و گوتیشی زۆربەی وتەبێژەکانی حکومەتی ئێران داوای تۆڵە بە شێوەیەک جیا لە شێوەی سەربازی دەکەنەوە.

کریستۆڤەر میلەر وەزیری بەرگری ئەمەریکا لە مانگی یازدەدا ڕایگەیاند کە ژمارەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناو عێراق تا مانگی یەکی2021 بۆ نزیکەی 2500 کەم کردێتەوە.

XS
SM
MD
LG