Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ڕوسیا: پەیوەندی لەشکری مۆسکۆ و ئانکەرە بەهۆی سزاکانی ئەمەریکاوە تێکناچێت


وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سەرگێ لاڤرۆڤ ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند هاوکاری لەشکری مۆسکۆ و ئانکەرە تێکناچێت بەهۆی ئەو سزایانەی کە ئەمەریکا لەسەرەتای ئەم مانگە سەپاندنی بەسەر تورکیادا.

ئەو گوتی " ئێمە خواستی دوولایەنەمان بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەشکری لەگەڵ تورکیادا پشتڕاست کردەوە سەرەڕای " فشاری ناشەرعی واشنتن".

وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوشئۆغڵوش لە میانەی کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییە هاوبەشەکەی لەگەڵ هاوشانە ڕوسیاییەکەی لە مۆسکۆ، ڕایگەیاند پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ ڕوسیا ئاڵتەرناتیڤ نین بۆ پەیوەندییەکانی لەگەڵ ناتۆ و یەكێتی ئەوروپا.

لێدوانەکانی چاوشئۆغڵو پاش ئەوە بوو کە واشنتن سزای خستە سەر تورکیا بەهۆی کڕینی سیستمی دژە موشەکی S-400 ی ڕوسیایی و یەکێتی ئەوروپاش ئامادەکاری بۆ هەنگاوی سزادانی دەکات بەهۆی کێشەکانی لەگەڵ یۆنان و قوبرسی ئەندامی یەكێتییەکە لەسەر مافی دەریایی لە دەریای ناوەڕاستدا.

لەلایەکی تریشەوە هەر ئەمڕۆ سێشەممە چاوشئۆغڵو گوتیشی تورکیا هەوڵ دەدات ڤاکسینە ڕووسیاییەکەی دژە کۆرۆنا لە ناوخۆدا دروست بکات بەڵام هێشتا داوای زانیاری زیاتری کردووە بەرلەوەی بدرێت بە هاووڵاتیان.

تورکیا هەروەها قائیل بووە بە کڕینی 4 ملیۆن و نیو بەشە ڤاکسینی فایزەرو بایۆنتێک و هەوڵیش دەدات خۆی لە ناوخۆدا دروستی بکات.

XS
SM
MD
LG