کۆریای باشور ماوەی قەدەغەکردنی گەشتی ئاسمانی لە بەریتانیاوە درێژ دەکاتەوە
کۆریای باشور ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند قەدەغەکردنی گەشتی ڕاستۆخۆ لە بەریتانیاوە هەتا 7 ی مانگی 1 بەردەوام دەبێت پاش ئەوەی سێ کەس کە بەمدواییانە چوونەتە وڵاتەکەوە دەرکەوتووە هەڵگری جۆرە نوێیەکەی ڤایرۆسی کۆڤید-19 بوون کە سەرەتا لە بەریتانیاوە بڵاو بۆوە.
ئاژانسی کۆریا بۆ کۆنترۆڵکردن و ڕێگەگرتن لە نەخۆشییەکان ڕایگەیاند ئەو سێ کەسە لە 22 ی مانگی 12 لەناو گەشتێکی لەندەنەوە گەیشتوونەتە وڵاتەکە و ئەوانەش یەکەم حاڵەتەکانی ئەم جۆرە نوێیەی کۆڤید-19 بوون لە کۆریای باشور.
ژاپۆن، کە یەکەم حاڵەتی ئەم جۆرە گۆڕاوەی ڤایرۆسی کۆڤید-19ی ڕاگەیاندووە، هاتنی هەمو بیانییەکی کە دانیشتوی ژاپۆن نەبن لە نیوەشەوی دووشەممەوە هەتا کۆتایی مانگی 1 قەدەغە دەکات.
کاربەدەستان لە ئەمەریکاش دەڵێن لە ڕۆژی دووشەممەوە ئەو کەسانەی لە بەریتانیاوە دەگەن دەبێت بەڵگەی تاقیکردنەوەی ئەنجامی نەرێنی کۆڤید-19 یان هەبێت کە کەمتر لە 72 کاتژمێر بەر لە گەشتەکەیان ئەنجامیان دابێت.
لە هەمانکاتدا چاوەڕوان دەکرێت کاربەدەستانی بەریتانیا لەم هەفتەیە ڤاکسینی ئاسترازەنێکای دژە ڤایرۆسی کۆرۆنا پەسەند بکەن و سەرۆکی کۆمپانیاکەش دەڵێت بەهەمان شێوەی ڤاکسینەکانی فایزەر-بایۆنتێک و مۆدێرنا دژ بە ڤایرۆسەکە کاریگەری هەیە.