لێکۆڵەرانی ئەمەریکا بەردەوامن لە لێکۆڵینەوەکانیان لەسەر ئەوەی بزانن مەبەست لە تەقینەوەکەی ڕۆژی هەینی شاری ناشڤێڵی ویلایەتی تێنسی باشوری ئەمەریکا چی بووە کە بووە هۆی برینداربوونی سێ کەس و زیانگەیاندن بە چەندین باڵەخانەو بڕینی سیستمی پەیوەندییەکان.
کاربەدەستان ڕۆژی یەکشەممە ئەنتۆنی قوین وارنەری تەمەن 63 ساڵیان وەکو ئەنجامدەری تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێک لە گەڕەکێکی ناشڤێڵ کە پڕە لە باڕ و ڕێستورانتی میوزیکی لادیەیی ( کەنتری) ڕاگەیاند.
داواکاری گشتی ئەمەریکا بۆ ناوچەی ناوەندی تێنسی دانۆڵد کاکران لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەگەریدا ڕایگەیاند " ئێمە گەیشتووین بەو ئەنجامەی کەسێک بە ناوی ئەنتۆنی وارنەر تەقینەوەکەی ئەنجام داوە و لە کاتی تەقینەوەکەدا خۆی لەوێ بووەو تیاچووە."
ئێف بی ئای (FBI) دەڵێت لێکۆڵەرانی و ئەوانەی کە لە بەشی خواردنەوە کحولییەکان، توتن، چەک و تەقەمەنی کاردەکەن بەردەوامن لە گەڕان و شیکردنەوەی بەڵگەکان. ناوچەی دەوروبەری تەقینەوەکە ڕۆژی دووشەممە بە داخراویی ماوەتەوە.
هەروەها FBI لە بەیاننامەکەی شەوی یەکشەممەدا دەشڵێت " مەبەستی ئەنجامدانی ئەو کارە هێشتا نادیارە و هێشتا بەدوواداچوونەکان بەردەوامن، بەڵام لەمکاتەدا هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ ئەوەی کەسێکی تریش دەستی تێدا هەبووبێت."