Accessibility links

یەکێتی ئەوروپا داوای ڕێگریکردن لە گەشتی ناپێویست بۆ بەریتانیا دەکات


یەکێتی ئەوروپا ڕۆژی سێشەممە پێشنیاری کرد هەر 27 دەوڵەتەکەی یەکێتییەکە خۆیان بەدوور بگرن لە گەشتی ناپێویست بۆ بەریتانیا تا ئاگادارکردنەوەی زیاتر.

لەگەڵ سنوردارکردنی هاتوچۆ لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بۆ ناو بەریتانیا، دوای دەرکەوتنی جۆرێکی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەوێ، کۆمسیۆنی ئەوروپا داوای لە وڵاتانی ئەندام کرد کە پێکەوە ڕێکبکەون و ڕێوشوێنێکی هاوسەنگ بگرنەبەر، بەڵام لە هەمان کاتیشدا رێگری لە خەڵکی بەریتانیا یان ئەوروپا نەکرێت بۆ گەڕانەوەیان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

دایدێر ریندرێس، کۆمیسیاری دادی یەکێتی ئەوروپا ڕایگەیاند "پێویستە وڵاتانی ئەندام پێکەوە ڕێکبکەون بۆ ڕێگەگرتن لە گەشتی ناپێویست لە نێوان بەریتانیا و یەکێتی ئەوروپا بەڵام هاوکاتی قەدەغەکردنی گەشتەکان نابێت ڕێگری لە هەزاران هاوڵاتی وڵاتانی یەکێتییەکەو بەریتانیا بکرێت بگەڕێنەوە سەر ماڵەکانیان".

کارمەندانی بەشی گواستنەوە دەبێت لە هەمو جۆرە بەربەستێکی گەشتکردن لە ڕێگای کەشتی، ئۆتۆمبیل یان فڕۆکەوە ڕێگاپێدراوبن بۆ گواستنەوە. هەروەها پێویستە کارمەندانی پزیشکی بۆ کاری پێویست بە ئازادی بەبێ کەرەنتینە هاتوچۆبکەن بە مەرجێک کە72 کاتژمێر پێش گەشتەکەیان پشکنینەکەیان بۆ کرابێت وئەنجامی پشکنینەکەش نەرینی بووبێت.

هەزاران بارهەڵگر لە سەر سنورەکان، دوای ڕاگرتنی هاتوچۆی ئەوروپا بە هۆی بڵاوبوونەوەی جۆرێکی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەریتانیا، چاوەڕێی کردنەوەی سنورەکانن بۆ گەڕانەوەیان بۆ ناو ئەوروپا.

زیاتر لە 1500 لۆری بە درێژایی ڕێگای سەرەکی باشوری ڕۆژهەڵاتی بەریتانیا لە نزیک بەندەرێکی سەرەکی ئەو وڵاتە ڕاگیراون و ئەوەش پیشاندەری پێوەری گۆشەگیرکردنی یریتانیایە دوای ئەوەی وڵاتان هەر لە کەنەداوە بگرە تاکو هیندستان گەشتەکانیان لە بەریتانیاوە قەدەغە کردوە و هەروەها فەڕەنساش بۆ ماوەی 48 کاتژمێر کە لە شەوی یەکشەممەوە دەستیپێکردووە چوونە ژوورەوەی بارهەڵگرەکانی قەدەغە کردوە.

بۆ وڵاتێکی وەک بەریتانیا کە زۆر پشتی بە پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ فەڕەنسا بەستوە، مەترسییەکی ڕژد هەیە کە گەر تا ڕۆژی چوارشەممە سنورەکان نەکرێنەوە، کەمبوونی خۆراک لەو وڵاتەدا دروستبێت.

XS
SM
MD
LG