Accessibility links

بەریتانیا هۆشداری لەسەر جۆرێکی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەدات


زانایانی بەریتانیا ڕۆژی شەممە سەرقاڵی ئەوە بوون بزانن ئایا جۆرێکی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کە لەم مانگەدا لە بەریتانیا زۆر بەخێرایی بڵاوبۆتەوە دەشێت ببێتە کۆسپ لەبەردەم ئەو ڤاکسینە نوێیەی کە دروست کراوە یان نا؟

ئەو جۆرە نوێیە یەکەم جار لە 13 ی مانگی 12 لە ناوچەی کێنتی باشوری بەریتانیا دیاری کراوە، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی کە لەلایەن زانایانی حکومەتەوە ئەنجامدراون ئاماژە بەوەدەکەن " خێراتر گەشە دەکات بەبەراورد لەگەڵ ئەوانەی ئێستا".

سەرۆک وەزیری بەریتانیا بۆریس جۆنسن لەو بارەیەوە ڕۆژی هەینی کۆبونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجام دا لەسەر ئەم جۆرە نوێیەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە بە VUI-202012/01 ناسێندراوە. جۆنسن لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی ڕۆژی شەممە گوتی هەتا ئێستا هیچ بەڵگەیەک نییە بیسەلمێنێت ڤاکسینەکە کاریگەرییەکی کەمتری بۆ ئەم جۆرە دەبێت بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد " هێشتا شتی زۆر زیاتر هەیە کە نایزانین."

گوتیشی ئەم جۆرە نوێیە لەسەدا 70 زیاتر لەوەی پێوشوو خێراتر دەگوازرێتەوە.

ڕێبەری بەریتانیا داوای قەدەغەکردنی هاتوچۆی بۆ لەندەن و باشوری ئینگەلتەرا کرد. هەمو بازاڕەکان جگە لە بازاڕی پێداویستییە سەرەکییەکان دادەخرێن و خەڵکی نابێت لە لەندەن و ئەو بەشانەی باشوری ئینگەلتەرا دەربچن.

ئەو گوتیشی " ئێمە ناتوانین پلانەکانی جەژنی کرسمس وەکو داماننابو ئەنجامی بدەین" و ڕایگەیاند ئەو ڕاگەیاندنەی پێشتر کە بڕیارە بوو بۆ کاتی کرسمس کۆتوبەندەکان کەمتر بکرێنەوە، هەڵدەوەشێنێتەوە. لە لەندەن و باشوری ئینگەلتەرا خێزانەکان ناتوانن بۆ کاتی کرسمس کۆببنەوە. لە شوێنەکانی تری وڵاتەکە هەتا سێ خێزان دەتوانن تەنها لە ڕۆژی کرسمس کۆببنەوە.


XS
SM
MD
LG