Accessibility links

لایەنەکانی بەشداربوو لە ڕێککەوتنی ناوکی ئێران داوا له تاران دەکەن پابەندی ڕێککەوتنەکە بێت


کاربەدەستێکی ئەڵمانی دەڵێت، زلهێزانی جیهان کە بەشێکن لە ڕێککەوتنە ناوەکییەکەی ساڵی2015 لەگەڵ ئێراندا، ڕۆژی چوارشەممە لە میانەی کۆبونەوەیەکی، کە بە ڕێگای ئۆنڵاین لە ڤییەنا ساز کرا، داوای گەڕانەوە و پابەندبوونی تەواویان بە ڕێککەوتنە ناوەکییەکە کرد لە کاربەدەستانی تاران.

کۆبوونەوەکە لە کاتێکدا بەڕێوەدەچێت کە ئەندامانی ڕێککەوتنەکە واتا ئەڵمانیا، فەرەنسا، بەریتانیا، چین و ڕوسیا بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ رێگریکردن لە لەناوچوونی رێککەوتنەکە دوای کشانەوە یەکلایانەکەی ئەمەریکا لە ساڵی 2018دا.

هەر سێ زلهێزەکەی ئەوروپا هیواخوازن کە لەگەڵ گۆڕانی بەڕێوبەرایەتی لە واشنتن، ئەمەریکا بگەڕێتەوە ناو ڕێککەوتنەکە کە ئامانجی ڕێگەگرتنە لەوەی ئێران دەستی بە بۆمبی ئەتۆمی ڕابگات. لە کاتێکدا ئێران سوورە لە سەر ئەوەی بەرنامە ناوکییەکەی بە مەبەستی دروستکردنی بۆمبی ناوکی نییە.

جۆو بایدن سەرۆکی هەڵبژێدراو گوتویەتی خوازیارە ئەمەریکا بگەڕێنێتەوە بۆ ڕێککەوتنەکە. ئەو ڕێکەوتنەی کە کاتێک ئەو جێگری سەرۆک کۆمار بوو واژۆ کرا.

بەڵام پرسەکە بە هۆی کردەوەکانی ئێرانەوە ئاڵۆز بووە. ئێران لە ئێستادا زۆربەی ئەو سنوورە سەرەکیانەی کە لە ڕێکەوتننامەکەدا دا دانراوە، پێشێلیکردوون، لەوانە بڕی یۆرانیۆمی پیتێندراوی زیاترە لە ئاستی ڕێگاپێدراوە.

ماریا ئەدێبهار، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا ڕایگەیاند کە کۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەممەی بەڕێوبەرانی سیاسی و جێگری وەزیرانی دەرەوە، جێبەجێکردنی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە هەڵدەسەنگێنن و هەروەها وڵاتانی ئەوروپا داوا دەکەن ئێران بگەڕێتەوە بۆ پابەندبوونی تەواو بە ڕێککەتنەکە.

ئێران دەڵێت کە چیتر ناچار نییە پابەند بێت بە رێککەوتنەکە و مشتومڕی ئەوە دەکات کە ئەوە ئەمەریکا بووە کە سەرەتا ڕێککەوتنەی کە لە ئێران بە بەرجام (JCPOA) ناسراوە، پێشێلیکردوە.

میخائیل ئوڵیانۆڤ نوێنەری ڕوسیا بۆ ڕێککەوتنەکە (JCPOA) لە دوای کۆبوونەوەکە لە تویتێکدا وتی "بەشداربووان پابەندبوونی خۆیان بە ڕێکەوتنە ئەتۆمییەکە دووپات کردوەتەوە و هەروەها ئامادەی ئەوە بوون کە هەوڵی دیپلۆماسیی چڕ و پڕ بۆ مسۆگەرکردنی جێبەجێکردنی تەواوی ڕێککەوتنەکە ئەنجام بدەن."

بەپێی ڕێککەوتنەکە لە بەرامبەر وەستاندنی چالاکییە ناوەکییەکانی ئێراندا بەڵێنی ئەوە درابوو کە کرانەوە لە ڕووی ئابوورییە بۆ ئێران دروست بێت. بەڵام بە گەڕانەوەی سزاکانی ئەمەریکا، دەوڵەتانی دیکەش تووشی کیشە بوونەتەوە لە لەهەوڵدانیان بۆ یارمەتیدانی ئێران.

سەرەڕای پێشێلکارییەکانی ئێران، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕایگەیاندوە کە تاران بەردەوامە لە ڕێگەدان بە پشکنەرانی ئاژانس بۆ پشکنینی سایتە ئەتۆمیەکانی. ئەمەش هۆکارێکی سەرەکییە بۆ وڵاتانی ئەندام بۆ پاراستنی ڕێککەوتنەکە.

کۆبوونەوەکەی چوارشەممە بۆ ئەوە بوو کە زەمینەی گفتوگۆی نوێی لە نێوان وەزیرەکاندا دروست بکەن.

XS
SM
MD
LG