Accessibility links

ڕێبەرێکی باڵای ڕێکخراوێکی توندڕەوی سەر بە ئەلقاعیدە لە ئیندۆنسیا دەستگیر دەکرێت


کاربەدەستان لە ئیندۆنسیا ڕۆژی شەممە دەستگیرکردنی ڕێبەری ڕێکخراوی جەماعە ئیسلامییەی سەر بە ئەلقاعیدە ڕادەگەیەنن، ئەو ڕێکخراوە توندڕەوەی کە چەندین هێرشی کوشندەی ئەنجام داوە لە هەوڵەکانی بۆ بەدەستهێنانی خەلافەتێکی ئیسلامی لە باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا.

گوتەبێژی پۆلیسی نیشمانی ئەحمەد ڕەمەزان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند پۆلیسی دژە تیرۆر ئاریس سومارسۆنۆ ناسراو بە زولکارناین‌یان شەوی پێنجشەممە لە میانەی هەڵمەتێکی گەڕان و پشکنین لە ڕۆژهەڵاتی ناوچەی لامپەنگ لە دورگەی سوماتر دەستگیر کردووە.

رەمەزان گوتیشی ئەفسەرانی پۆلیس ڕووبەڕووی هیچ بەرگرییەک لەلایەن زولکارناین نەبوونەتەوە، کە گومانبارە بە ئەنجامدانی هێرشەکەی ساڵی 2002 لە هاوینە هەواری بالی کە بووە هۆی کوشتنی زیاتر لە 200 کەس هەروەها هێرشەکەی ساڵی 2003 لە هۆتێلی ماریۆتی جاکارتای پایتەختی ئیندۆنسیا کە 12 کەسی تێدا کوژرا.

پۆلیس دەڵێت لە کاتێکدا لە لێکۆڵینەوەکانیاندا لەگەڵ چەند گومانبارێکی کە لە مانگی ڕابوردوو دەستگیر کرابوون زانیاریان لەسەر زولکارناین دەستکەوتووە.

ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2005 وە زولکارناینی لە لیستی سزاکانی ئەلقاعیدە وەکو نوێنەری تۆڕە تیرۆرستییەکە لە باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا داناوە کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی هەبووە بە ڕیبەری پێشوی ئەلقاعیدە ئوسامە بنلادن و تالیبان ئەفغانستانەوە.

XS
SM
MD
LG