Accessibility links

کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەوانان داوای ئازادکردنی پەیامنێرەکەی کەناڵی NRT دەکات


کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەوانان ناسراو بە CPJ ڕۆژی هەینی بابەتێکی لەسەر خۆپیشاندانەکانی چەند شارو شارۆچکەی هەرێمی کوردستان بڵاو کردۆتەوەو تایایدا دەڵێت " هێزە ئەمنییەکانی سەر بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان کارزان تارق، پەیامنێری کەناڵی NRT یان دەستگیر کردووە لە کاتێکدا خەریکی ڕووماڵکردنی ئەو خۆپیشاندانانە بوو کە بۆ ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر بە سەختییە ئابورییەکان لە شاری سلێمانی باکوری عێراق ئەنجام دران، ئەمەش بە گوێرەی خاوەن کارەکەی و بەڕێوەبەری گشتی کەناڵی NRT ئاوات عەلی کە بۆ CPJ بە ڕێگای پەیامی ئەلیکترۆنی دواوە."

ڕێکخراوەکە دەڵێت ئاوات عەلی پێی گوتون " تارق لە دەمی ڕووماڵی خۆپیشاندانەکاندا پەیوەندی لەگەڵ NRT بچڕاوە، بەڵام چەند شایەتحاڵێک بینیویانە لە نزیک باڵەخانەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەستگیر کراوەو" ئەو گوتوشیەتی لە ئێستدا نازانن لە کوێیە.

بە پێی ڕاپۆرتە هەواڵییە خۆجێهییەکان و گروپەکانی ئازادی ڕۆژنامەوانی و ڕێکخراوی بەرگری لە ئازادی ڕۆژنامەوانی لە عێراق، پێنج ڕۆژنامەوانی تریش لە کاتی ڕووماڵکردنی هەمان خۆپیشانداندا بۆ ماوەیەکی کورت دەستگیر کراون و هەندێکیان ئامێرەکانیان لێسەندون.

نوێنەری CPJ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئافریکا ئیگناسیۆ میگێل دێلگادۆ دەڵێت " دەسەڵاتدارانی کورد لە باکوری عێراق پێویستە درەنجام لەوە تێبگەن خۆپیشاندان ڕووداوی بەرژەوەندی گشتییە و ڕووماڵکردنیان تاوان نییە. لە ڕاستیدا پێویستە هەمو توانای خۆیان بخەنەگەڕ بۆ ئەوەی دڵنیابن ڕۆژنامەوانان بتوانن بە پارێزراوی و ئازادی کاری خۆیان بکەن."

نوێنەرەکەی ئەو ڕێکخراوەی پاراستی ڕۆژنامەوانان کە بنکەکەی لە نیویۆرکە دەشڵێت " داوا لە دەسەڵاتدارانی خۆجێهی لە سلێمانی دەکەین دەستبەجێ پەیامنێرەکەی NRT کارزان تارق ئازاد بکەن و دەستگیرکردنی ڕۆژنامەوانان ڕابگرن."

CPJ لە ڕاپۆرتەکەیدا دەشڵێت ئیمەیلی بۆ ئۆفیسی PUK میدیا ناردووە بۆ تا لێدوانیان لێ وەربگرێت بەڵام وەڵامیان نەداوەتەوە.

لیژنەى باڵاى ئەمنى لە سلێمانى پاش ڕووداوەکانی ڕۆژی هەینی ڕاگەیاندنێکی بڵاو کردەوەو تیایدا گوتی " لیژنەى باڵا دووپاتى دەکاتەوە تێکدانى بارودۆخى ئەمنى بەگشتى و بەتایبەت شارى سلێمانى خۆشەویست هێڵى سورە،هەروەک ڕاگرتنى جوڵەى ژیانى خەڵک و بەردەوامى خۆپیشاندانى بێ مۆڵەت باجێکى قورس و سزایەکى توندى یاسایى هەیە."

سەبارەت بە مامەڵەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنیش گوتی" پێویستە کەناڵەکانى ڕاگەیاندن پابەند بن بە یاسا بەرکارەکان و خۆیان بپارێزن لە ئاڵۆزکردنی و شێواندنى بارو دۆخەکە و لە ڕوماڵەکانیاندا بەرپرسانەتر مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەن، بە پێچەوانەوە رووبەرووی سزای یاسایی و کارگێڕی توند دەبنەوە."

لە ماوەی هەفتەی ڕابردوەوە خۆپیشاندەران لە چەندین شارو شارۆچکەی هەرێمی کوردستان ناڕەزاییان بەرامبەر خراپی گوزەرانیان دەربڕی لە کاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان دووچاری قەیرانی دارایی بۆتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتان هەتا ئێستا بەلایەنی کەم 7 خۆپیشاندەر و ئەندامێکی هێزی پێشمەرگە لەو خۆپیشاندانانەدا کوژراون. خۆپیشاندەران ئاگریان لە چەندین بنکەو بارەگای پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بەردا.


XS
SM
MD
LG