Accessibility links

هەنتەری کوڕی جۆو بایدن ڕووبەڕووی لێکۆڵێنەوەی فیدراڵی لەسەر کاروباری باج دەبێتەوە


هەنتەری کوڕی سەرۆکی هەڵبژێردراو جۆو بایدن ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کاروباری باجی لەژێر لێکۆڵینەوەی فیدراڵیدایە، بەمەش جارێکی تر تیشک دەخرێتەوە سەر پرسیارەکانی سەبارەت بە مامەڵە داراییەکانی کە لە دەمی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی باوکیدا هاتنە گۆڕێ.

لە بەیاننامەیەکی کە لەلایەن نوسینگەی گواستنەوەی دەسەڵات بۆ سەرۆکی هەڵبژێردراو بڵاو کراوەتەوە، بایدنی بچووک گوتی ڕۆژی سێشەممە لە لێکۆڵینەوەکە ئاگادار کراوەتەوە. ئەو وردەکاریی لەو بارەیەوە نەدا.

لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند " ئەم بابەتە زۆر بە ڕدژی وەردەگرم،بەڵام دڵنیام کە پێداچوونەوەیەکی پیشەیی و بابەتییانە بۆ ئەو بابەتانە ئەوە دەردەخات کە من بە شێوەیەکی یاسایی و گونجاو کاروباری خۆمم کردووە ، لەگەڵ ڕاوێژکارانی پیشەیی باج."

هەنتەر بایدن لە مێژە ئامانجی سەرۆک دانۆڵد ترامپ و هاودەستەکانی بوو کە تۆمەتباریان دەکرد بەوەی قازانجی لە پەیوەندییە سیاسییەکانی بینیوە. هەروەها ترامپ و لایەنگرانی تۆمەتی نەسەلمێندراوی گەندەڵیشیان خستە پاڵ هەنتەر بایدن لەسەر کارەکانی لە ئۆکرانیا لەو کاتەدا کە باوکی جێگری سەرۆک کۆمار بوو و ڕێبەرایەتی مامەڵەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئۆبامای دەکرد لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا.

ئاشکرابوونی ئەو لێکۆڵینەوە فیدراڵییەی کە لەلایەن نوسینگەی داواکاری گشتی ویلایەتی دێلێوێرەوە بەڕێوە دەبرێت لە ساتەوەختێکی نالەباری سەرۆکی هەڵبژێردراودایە کە خەریکی پێکهێنانی کابینەکەیەتی. هەڵبژاردەکەی بۆ دادپرسی گشتی ئەمەریکا دەشێت ببێتە چاودێری لێکۆڵینەوەکە لەسەر کوڕی سەرۆک ئەگەر هەتا پاش 20 ی 1 ی لێکۆڵێنەوەکە بەردەوام بێت.

تیمی گواستنەوەی دەسەڵاتی سەرۆکی هەڵبژێردراو لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند " سەرۆکی هەڵبژێردراو بایدن شانازی بە کوڕەکەیەوە دەکات، کە ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگی قورس لە ژیانیا بۆتەوە لەناویانداهێرشەکانی ئەم دواییانەش بۆ سەر کەسێتی ئەو، تنها بۆ ئەوەی بەهێزتر دەربکەوێت."

پارێزەرەکەی هەنتەر بایدن هەتا ئێستا وەڵامی پەیامی تەلەفۆنی لەو بارەیەوە نەداوەتەوە.

XS
SM
MD
LG