Accessibility links

ئەردۆغان دەڵێت پاش دەستبەکاربوونی بایدن تاوتوێی کێشەکانی وڵاتەکەی و ئەمەریکای لەگەڵدا دەکات


سەرۆکی تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند هەر کاتێک جۆو بایدن سەرۆکی هەڵبژێردراو دەستبەکاربوو، تاوتوێی پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمەریکادا دەکات و شیانی سزاکانی بۆ سەر تورکیا لە سەر کڕینی سیستمی بەرگری مووشەکی ڕووسیایی کەم کردەوە.

پەیوەندییە دوولایەنییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەهۆی، کڕینی سیستەمی بەرگری موشەکی S-400ی ڕوسیایی لەلایەن تورکیاوە و جیاوازی لە سیاسەتی هەردوو وڵات لەسەر سوریا و دەستبەسەرکردنی کارمەند و هاوڵاتیانی کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە لایەن تورکیاوە گرفت و ئاڵۆزیی تێکەوتووە.

ئەردۆغان گوتی "ئێمە ئەو لێدوانانەی ئەوان (بەڕێوبەرایەتی ئەمەریکا) دەیدەن و ئەو کردەوانەی کە دەیکەن سەبارەت بە کڕینە سەربازییەکانی ئێمە ، پێمان کارێکی باش نییە، بە تایبەتی ئێمە کردەوەی ئەوان لە باکووری سوریا بە باش نازانین."

ئەردوغان پێش گەشتێکی بۆ ئازەربایجان لە لێدوانێکدا بۆ پەیامنێران وتی زۆر زووە لێدوان لەسەر بەڕێوبەرایەتی نوێی ئەمەریکا لە ژێر دەسەڵاتی بایدندا بدەم. بایدن ڕەخنەی هەیە لە سیاسەتەکانی ئەردۆغان لە ناوچەکەدا.

ئەو گوتی "با بەڕێز بایدن دەستبەکار بکات هەر کە بە فەرمی دەستیبەکار کرد بە دڵنیاییەوە دادەنیشین و هەندێک شتی دیاریکراو لەگەڵ بەڕێز بایدن تاوتوێ دەکەین. هەروەک چۆن لە ماوەی ڕابردوودا لە ئەمەریکا یان تورکیا دانیشتووین و قسەمان کردووە جارێکی تریش دادەنیشین و گفتوگو دەکەین."

کڕینی S-400 لە لایەن تورکیاوە لە مۆسکۆ ئەگەری سزاکانی ئەمەریکای لە سەرەتای ساڵی داهاتوداو بۆ سەر تورکیا بەرز کردەوە. ئەگەر کۆنگرێس پڕۆژە یاسای خەرجییەکانی بەرگری پەسەند بکات لەوانە ڕەزامەندی سەرۆک کۆمار بۆ سزاکان بۆ سەر تورکیا، ئەوا ئەگەری سزاکان زۆرتر دەبێت. ڕۆژی سێشه ممه ئه نجومه نی نوێنەران پرۆژەکەیان پەسەند کرد.

ئەردوغان لە بارەی سزاکانەوە گوتیشی "لە دیپلۆماسیدا بە قسە و کۆبوونەوە ڕێڕەوێک بۆ ئەم کێشانە دەدۆزرێتەوە . من لەو باوەڕەدام کە ئێمە ئەم ماوەیە بە شێوەیەکی زۆر جیاواز لەگەڵ ئەمەریکا بەڕێوە دەبەین".

XS
SM
MD
LG