Accessibility links

ڕاگەیاندنێک لەلایەن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەسەر مافی تاکەکەسی مرۆڤ


بەبۆنەی هەفتەی مافەکانی مرۆڤ ڕاگەیاندنێک لەلایەن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپەوە بڵاو کرایەوە کە تیایدا جەخت دەکاتەوە لە گرنگی ئازادی تاکەکەسی لە جیهاندا.

دەقی ڕاگەیاندنەکەی کە لەلایەن کۆشکی سپییەوە بڵاو کراوەتەوە.

نزیکەی 250 ساڵ لەمەوبەر، قارەمانەکانی شۆڕشی ئێمە ڕاگەیاندنی سەربەخۆییان مۆر کرد، تیایدا ژمارەیەک مافی خۆڕسکیان بۆ مسۆگەر کردین.

لە کاتێکدا سەربەخۆیی لە پاشایەتی تاکڕەو مسۆگەرکرا، وڵاتەکەمان وێنەی ئەو پرینسیپانەی یەکسانی و سەرفرازی کرد بە یاسای نەتەوە ساواکەمان لەو کاتەی ئێمە دەستوورەکەمان داڕشت.

ئەو بیرۆکەی شۆڕشگێڕانەیەی کە بەرجەستەیان کرد هەندێک مافی تاکەکەسی کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتە، تیادا دانرا و لە سەرتاسەری جیهاندا ڕەنگی دایەوە. ئەمڕۆ و ئەم هەفتەیە ئێمە یادی مافە پیرۆزەکانمان و ئەو نمونەیە دەکەینەوە کە بۆ تەواوی مێژوو دایاننا.

جێمس مادیسۆن، کە دەقی بەرنوسی مافەکانی ئامادە کرد، لەسەرەتادا گومانی لەوە هەبوو کە پێویست بکات هەندێک لە مافەکان زۆر بە ڕوونی دیاری بکرێن، لەو بڕوایەدا بوو گرنگی چاودێری کردن و لێپرسینەوە لە سیستمی حوکمڕانیمانداکار دەکات بۆ گەیشتن بەو ئامانجە. بەڵام پاشان درکی بەوەکرد ئەو بەهایەی یاسای مافەکان دەتوانێت دابینی بکات و کاربکات بۆ ئەوەی دڵنیابێت مافە تاکەکەسییەکان و ئازادی ئەمەریکاییەکان، بە وردی لە بەرزترین یاسای وڵاتدا بچەسپێت.

مادیسۆن لە ڕاستیدا بە ئاگابوو لەوەی، لە کاتێکدا حکومەتێک پێکدێت بۆ خزمەتکردنی گەلەکەی ڕاست و ڕەوایە. " کاتێک دەسەڵات لە دەستی مرۆڤە ڕەنگە ڕووبەڕووی دەستدرێژی ببێتەوە."بەو پێیە کاری کرد تا مافە بنچینییەکانی مرۆڤ دەستنیشان بکات لە ناویاندا مافی کۆڕو کۆبونەوەی ئاشتیانە، ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی بەجێ گەیاندنی ئەرکە ئاینییەکان لە دەقی بنەڕەتی یاساییماندا، بەتواناکردنی نەوەکانی ئەمەریکا بە پاراستنیان لە پێشێلکردنی مافەکانیان لەلایەن حکومەتەوە.

تێگەیشتنی شۆڕشگێڕانە بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ڕاگەیاندنی سەربەخۆییدا ڕەنگیدایەوەو دانانی لەناو دەستورماندا نەخشەیەکی بۆ جیهان دابینکرد لە بەروپێشبردنی مافە تاکە کەسییەکانی مرۆڤدا.

لە ساڵی 1948دا، بە ڕووانین لە یاسای مافەکانی ئێمە وەک نمونەیەک، ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤی داڕشت، کە تیایدا دان بە " کەرامەتی بنەڕەتی" و " مافی یەکسانی و بێمشتومڕ" ی هەمو مرۆڤێک نراوە.

لە سەرتای ئەمساڵدا، هەروەها ئێمە یادی 45 هەمین ساڵی واژۆکردنی ڕێککەوتنی هێلسنکیشمان کردەوە کە، کە تیایدا جیهانی ڕۆژئاوایی دانی بە ئازادییە بنچینییەکانی مرۆڤی هاوشێوە نا لە بەرامبەر یەکێتی سۆڤیەت.

سەرەڕای ئەم دەستکەوتانە، هێشتا جیهان لە دەستی پێشێلکارییە تراژیدیاییەکان بەرامبەر مافەکانی مرۆڤ دەناڵێنێت، لە ناویاندا سەرکوتکردنی ژنان، بێگاری، ڕەگەزپەرستی و چەوسانەوەی نژادی و ئاینی. بەڕێوەبەرایەتی من بەردەوام دەبێت لە شەڕکردن دژ بەم ناڕەوایەتییانە لە هەمو بەرەکاندا لە کاتێکدا داوا لە گەلانی تری خاوەن سەروەری دەکات ڕێز لە مافە بێچەندوچوونەکانی خەڵکی خۆیان بگرن. پێشتر ئەم ساڵ، من بڕیارێکی سەرۆکایەتیم مۆر کرد لەسەر ڕێگەگرتن لە سانسۆرکردنی ئەنتەرنێتی، کە ئازادی ڕادەربڕینی ئەمەریکاییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پلاتفۆرمتردا دەپارێزێت و بەرەو پێشدەبات و هەروەها هەوڵی بەرەنگاربوونەوەی پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە دەرەوە دەدات وەکو گرتنی بەکۆمەڵی کەمینە ئاینییەکان لە چین، کە زۆربەی جار بەهۆی زانیاری هەڵەی ئەنتەرنێتی پەردەپۆش دەکرێن.

هەروەها، بەم دواییانە فەرمانێکی سەرۆکایەتیشم مۆر کرد لەسەر بەرەوپێشبردنی ئازادی ئاینی جیهانی، کە ئەم ئازادییە بنەڕەتییانە لە دیپلۆماسی ئەمەریکادا دەکاتە ئەرکی سەرەکی و دان بەوەدا دەنێت بەرەوپێشبردنی ئازادی ئاینی لە دەرەوەی وڵات گرنگە بۆ بەرەنگاربوونەوەی بەرزبوونەوەی ئاستی توندوتیژی و تاوانی دژی مرۆڤایەتی لە سەرانسەری جیهاندا.

هیچ بەرگریکارێکی ئازادی گەورەتر لە ویلایەتە یەکگرتووکانی ئەمەریکا نییە، و ئێمە بەردەوام پەیوەست دەبین بە هەوڵەکانمانەوە.

لە دەمی ڕۆژی مافەکانی مرۆڤ، ڕۆژی یاسای مافەکان و هەفتەی مافەکانی مرۆڤدا، ئێمە چیرۆکی بێهاوتای گەلەکەمان بەرز ڕادەگرین و یادی ئەو نیشتمانپەروەرانە دەکەینەوە کە یارمەتی وڵاتەکەمانیان دا بۆ مسۆگەرکردنی مافە بنچینەییەکان، ئازادییەکان، و بەهاکان بۆ خۆمان و نەوەی داهاتومان. هەروەها شانازی بەو ڕۆڵەوە دەکەین کە ئەم کەلەپورە لە پێشکەوتن و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لە سەرتاسەری جیهاندا گێڕاونی.

پابەندبوونی ئەمەریکا بە ئازادی تاک و کەرامەتی مرۆڤەوە کرۆکی (بەهاکانی) ئێمەیە.

ئێمە دان بەوەدا دەنێین ئەو پرنسیپانەی لە یاسای مافەکاندا دانراون بنچینەین، و ئێمە پابەندین بۆ مسۆگەرکردنی هێشتنەوەی میراتییەکەیان لە وڵاتەکەماندا لە کاتێکدا ئێمە بەردەوامین لە پێشەنگی کردنی ئەو ڕێگایەی بەرەو پاراستنی بەهێزتری مافەکانی مرۆڤ لە سەرانسەری جیهاندا دەڕوات.

بۆیە ئێستا من دانۆڵد جەی ترامپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، بە پێی ئەو دەسەڵاتەی کە دەستور و یاساکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پێی داوم لیرەوە 10 ی مانگی 12ی 2020 وەکو ڕۆژی مافەکانی مرۆڤ، 15 ی 12 ی 2020 وەکو ڕۆژی یاسای مافەکان، و دەستپێکردنی هەفتەکە لە 6 ی مانگی 12 ی 2020 وە وەکو هەفتەی مافەکانی مرۆڤ ڕادەگەیەنم. داوا لە خەڵکی ئەمەریکا دەکەم کە ئەم ڕۆژانە بە مەراسیم و چالاکی گونجاو یاد بکەنەوە.

بە گەواهی فەرمی لەم چوارەم ڕۆژی مانگی 12 ی ساڵی 2020 ەدا و لە 245 هەمین ساڵی سەربەخۆیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا ئەم بڕیارە واژۆ دەکەم.

دانۆڵد جەی ترامپ.

.


XS
SM
MD
LG