Accessibility links

کاربەدەستێکی هێزی دەریایی ئەمەریکا دەڵێت گەیشتوینەتە "بەربەستێکی سەخت" لەگەڵ ئێراندا


گەورەبەرپرسی هێزی دەریایی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند ئەمەریکا گەیشتۆتە "بەربەستێکی سەخت" لەگەڵ ئێراندا پاش چەند مانگێک لە هێرش و دەستگرتن بە سەر ناوچە لە دەریادا، هاوکات گرژی و ئاڵۆزییەکان لە نێوان واشنتن و تاران دا لەسەر بەرنامە ناوکیەکەی کۆماری ئیسلامی لە ئاستێکی بەرز دەمێنێتەوە.

ژەنەڕاڵ سام پاپرۆ، کە چاودێری بنکەی دەریایی ئەمەریکا لە بەحرەین دەکات لە لێدوانێکیدا بۆ دیالۆگی ساڵانەی مەنامە کە لەلایەن ئینستتوتی نێونەتەوەیی بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان بەڕێوەدەبرێت، بە تۆنێکی ئەکادمیانە قسەی کرد.

ئەو باسی هەبوونی "رێزێکی تەندروست" ی بۆ هەردوو هێزی دەریایی ئاسایی ئێران و هێزە دەریاییەکانی سوپاسی پاسدارانیش کرد. گوتی " ئێمە گەیشتوین بە بەربەستێک کە ئاسان نییە. ئەو گرژیانەش لەگەڵ ڕووداوەکانی جیهاندا بەرزیو نزمی بەخۆوە دەبینێت. من جمومۆڵەکانی ئێرانم لە دەریادا وەها بینیوە کە زۆر بە ئاگاهییەوە ڕەفتار دەکەن تا هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەکانی مەترسیدار نەبن بۆ هەنگاوێکی بەرزکردنەوەی ئاستی پشێوییەکان لە دەریادا. کە پێویست ناکات بەوشێوەیەش بێت."

نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان هەتا ئێستا وەڵامی پرسیاری لەم بارەیەوە نەداوەتەوە.

لە کاتێکدا ئێران لەم چەند مانگەی دواییدا ڕاستەوخۆ دەستی بەسەر هیچ کەشتییەکدا نەگرتووەو هیچ کەشتییەکیشی نەکردۆتە ئامانج، بەڵام بەمدواییانەدا مینێک بە تانکەرێکی نەوتی عەرەبستانی سعودیەدا تەقییەوە و کەشتییەکی بارهەڵگر لە نزیک یەمەن هێرشی کرایەسەر. دەستبەجێ گومان خرایە سەر سەرهەڵداوە حوسییەکانی یەمەن کە ئێران پشتیوانیان لێ دەکات. حوسییەکان لەسەر هیچکام لەم هێرشانە لێدوانیان نەداوە.

شێوازی قسەکانی ژەنەڕاڵ پاپرۆ جیاواز بوو لەگەڵ لێدوانەکەی ژەنەڕاڵ جەیمس مەلۆی کە پێشتر پۆستەکەی ئەوەی هەبوو. ژەنەڕاڵ مەلۆی لە مانگی هەشت لە دوواترین لێدوانیدا بۆ ڕۆژنامەوانان ئێرانی بە " سەرکێش و وروژێنەر" ناودێرکرد.

XS
SM
MD
LG