Accessibility links

گۆڕانکاری لە پرۆسەی تاقیکردنەوەی بوون بە هاووڵاتی ئەمەریکا


ئەو کۆچبەرانەی کە بە شێوەیەکی یاسایی لە ئەمەریکان و دەیانەوێت ببن بە هاووڵاتی ئەمەریکا، ڕووبەڕووی تاقیکردنەوەی درێژ و قورستر دەبنەوە بۆ وەرگرتنی وڵاتینامە.

تاقیکردنەوە نوێیەکە لە 128 پرسیار پێکهاتووە لەسەر مێژوو و حکومەتی ئەمەریکا کە پێشتر لە 100 پرسیار پێکهاتبوو. هەر کەسێک لە پاش 1 ی مانگی 12 ی ساڵی 2020 وە فۆرمی بوون بە هاووڵاتی ئەمەریکا پڕ بکاتەوە ئەوا پێویستە تاقیکردنەوە نوێیەکە ئەنجام بدات.

خزمەتگوزاری ڕەگەزنامەو کۆچبەری ئەمەریکا ناسراو بە USCIS کە ئاژانسێکی فیدراڵییەو سەر بە وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانییە کە سیستمی بە هاووڵاتی بوون و کۆچبەری بەڕێوەدەبات، لە ساڵی 2019بۆ یەکەم جار لەوەتای 2008 وە ڕایگەیاند گۆڕانکاری لە تاقیکردنەوەکانی بۆ بەدەستهێنانی وڵاتی نامە دەکات. لە هەفتەی ڕابوردوو بە فەرمی هەنگاوەکەی ڕاگەیاند.

کێن کاکسینێڵی کە لە کاتی دەرکردنی بڕیارەکەدا بەرپرسی USCISبوو بە وەکالەت گوتی " نوێکردنەوە، چاکسازیکردن و بەرەوپێشبردنی تاقیکردنەوەیەک کە لەگەڵ دۆخێ ئێستا بگونجێت بەرپرسیارێتی ئێمەیە وەکو ئاژانسێک بۆ ئەوەی هاوکاری ئەو کەسانە بکەین کە دەخوازن ببن بە هاووڵاتی ئەمەریکا تا بە تەواوەتی لە ماناو بەهاکانی بوون بە ئەمەریکایی تێبگەن."

لە تاقیکردنەوەکەدا 20 پرسیار لەو 128 پرسیارە هەڵدەبژێردرێن و پێویستە وەڵامی 12 یان ڕاست بن . پێشتر 10 پرسیار هەڵدەبژێردران و پێوستی بە وەڵامدانەوەی ڕاستی شەش لەوانە هەبوو بۆ دەرچوون لە تاقیکردنەوەکە.

نانسی نیوتن بڕێوەبەری بەرنامەی ئامادەکاری هاووڵاتی لە زانکۆی مۆنگەمری مەریلاند، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند بۆ دەربازبوون لە تاقیکردنەوە نوێیەکە پێویستە کەسەکە ئینگلیزییەکی باشتر قسەبکات و تێبگات، کە پێشتر خەڵی بە ئینگلیزییەکی سەرەتاییەوە دەیتوانی لە تاقیکردنەوەکە دەربازبێت.

چی گۆڕاوە؟

لە کاتێکدا ژمارەی پرسیارەکان زیادیان کردووە، بەڵام USCIS دەڵێت ڕێژەی دەرچوون لە تاقیکردنەوەکە هەر 60% و نەگۆڕاوە. هەروەها بەشێکی زۆری پرسیارەکانیش نەگۆڕاون تەنها داڕێژراونەتەوە و هەندێکیشیان پێویستی بە شیکردنەوەی زیاترە بۆ وەڵامدانەوە.

بۆ نمونە لە تاقیکردنەوەی پێشووتر پرسیار دەکرا " 13 ویلایەتی سەرەکی هەبوون، ناوی سیانیان بڵێ."لە ڤێرژنە نوێیەکەدا پرسیار دەکرێت " 13 ویلایەتی سەرەکی هەبوون ناوی پێنجیان بڵێ."

یان لە بری ئەوەی پرسیار بکرێت " دوو مافی هەمو کەسی کە لە ئەمەریکادا دەژین چیین؟ " پرسیار دەکرێت سێ مافی هەمو کەسی کە لە ئەمەریکادا دەژین چین؟"

ژمارەیەک لە چالاکوانانی مافی پەنابەران لە ئەمەریکا ڕەخنەیان لە تاقیکردنەوەکە گرتووەو دەڵێن هەندێک لە پرسیارەکان سەختتر کراون بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک هەبێت کە بیسەلمێنێت پێویستە وای لێبکرێت.

ئارون ڕیچلن ملنیک لە ئەنجومەنی کۆچبەری ئەمەریکا دەڵێت پرسیارەکان لە سەر هەڵوێستی سیاسی ورد دانراون " بۆ نمونە یەکێک لە پرسیارەکان بە تایبەتی نیگەرانی لەسەر بە سیاسەتکردنی بابەتەکە دێنێتە گۆڕێ. لە تاقیکردنەوە کۆنەکەدا پرسیار دەکرا " سیناتۆرێکی ئەمەریکا نوێنەرایەتی کێ دەکات؟ وەڵامە پێشنیازکراوەکە ئەوە بوو ' هەمو خەڵکی ئەو ویلایەتەی کە سیناتۆرەکە نوێنەرایەتی دەکات'. لە تاقیکردنەوە نوێیەکەدا وەڵامی هەمان پرسیار ئەمەیە ' هاووڵاتیانی ویلایەتەکەیان' " ڕیچلن ملنیک دەشڵێت " ئەمە ڕاست نییە. ئەندامانی کۆنگرێس نوێنەرایەتی هەمو ئەوانە دەکەن کە لە ویلایەتەکەیاندا دەژین، بێ گوێدان بەوەی هاووڵاتی ئەمەریکان یان نا. ئەمەش بەو شێوەیە بووە لەوەتای ئەم وڵاتە دامەزراوە."

هەتا ئێستا ڕوون نییە ئایا سەرۆکی هەڵبژێردراو جۆو بایدن گۆڕانکارییەکان لادەبات یان نا.

XS
SM
MD
LG