Accessibility links

کۆمەڵێک لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ داوا لە کۆنگرێسی ئەمەریکا دەکەن فرۆشتنی چەک بە ئیماڕات ڕابگرێت


29 ڕێکخراوی چالاکی بەرگریکار لە مافەکانی مرۆڤ و سنووردانان بۆ بڵاوبوونەوەی چەک لە وتارێکدا دژایەتی گرێبەستێکی چەکیان کرد لەنێوان ئەمەریکا و ئیماڕاتدا کە بڕەکەی دەگاتە 23 ملیار دۆلار و تیایدا ئەمەریکا موشەک و فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بە ئیماڕات دەفرۆشێت، هەروەها لە وتارەکەیاندا داوا لە کۆنگرێسی ئەمەریکا دەکەن ڕێگە لە واژۆکردنی ئەو گرێبەستە بگرێت.

سێث بایندەر لە ( پڕۆژەی دیموکراسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست) ەوە کە ڕۆڵێکی دیاری هەبووە لەو هەوڵانەدا وتی " هیوامان ئەوەیە ئەم جۆرە فرۆشتنانە بەتەواوەتی ڕابگرین، بەڵام ئەگەر ئەوە بەمزووانە نەکرێت ئەوا ئاماژەیەکی گرنگ دەنێرێت بۆ بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆکی هەڵبژێردراو جۆو بایدن و تیایدا دەریدەخات کۆمەڵێکی جیاواز لە ڕێکخراوەکان هەن کە دژایەتی ڕادەستکردنی ئەم چەکانە دەکەن."

سێ ئەندامی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا پڕۆژە یاسایەکیان پێشکەش کردووە تیایدا داوای ڕاگرتنی گرێبەستەکە دەکەن، گرێبەستەکە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی کۆمپانیای جەنەڕاڵ ئۆتۆمیکس و فڕۆکەی ئێف-35 ی کۆمپانیای لۆکهید مارتن و موشەکی کۆمپانیای ڕایثیۆن لەخۆدەگرێت.

پڕۆژە یاساکە دەبێت لەلایەن ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکاوە کە زۆرینەیان کۆمارییەکان و ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا کە زۆرینەیان دیموکراتەکانن پەسەند بکرێت.

لە وتارەکەی ڕێکخراوەکاندا کە ڕەوانەی ئەندامانی کۆنگرێس و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەکرێت دەڵێت " گرێبەستی چەک لەگەڵ ئیماڕات، کە لایەنێکە لە ململانێکانی یەمەن و لیبیادا، دەبێتە هۆی زیادبوونی ئەو زیانانەی کە بەر هاوڵاتیانی مەدەنی کەوتوون و هەروەها قەیرانە مرۆییەکانیش خراپتر دەکات."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG