Accessibility links

لە یەک ڕۆژدا 2 هێرشی خۆکوژی لە ئەفغانستان دەکرێن


هێرشە خۆکوژییەکەی زابول

بەرپرسانی ئەفغانستان دەڵێن بەلانیکەم 34 کەس کوژراون لە ئاکامی 2 تەقینەوەی جیاوازی خۆکوژیدا.

یەکێک لەو دوو هێرشە خۆکوژیە بنکەیەکی لەشکریی کردبووە ئامانج و ئەوی تریشیان سەرۆکی یەکێک لە هەرێمەکانی ئەفغانستان.

تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ لایەنێک بەپرسیارێتی خۆی لەو هێرشانە ڕانەگەیاندووە.

لە هەرێمی غەزنە، لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە، وەک بەرپرسێکی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەفغانستان دەڵێت "31 سەرباز کوژراون و 24 سەربازی تریش بریندارن، کاتێک هێرشبەرەکە بە ماشێنێکی هارڤی پڕ لە مەتریاڵی تەقینەوەوە خۆی کردووە بە بنکەیەکی سەربازی لەشکری ئەفغانستاندا و خۆی تەقاندۆتەوە."

وێنەی ئەو بنکە سەربازییەی ئەمڕۆ یەکشەممە هێرشە خۆکوژییەکەی کرایە سەر
وێنەی ئەو بنکە سەربازییەی ئەمڕۆ یەکشەممە هێرشە خۆکوژییەکەی کرایە سەر

لێدوانی ئەم بەرپرسە بۆ ئاژانسی دەنگ و باسی ئەسیۆشێتد پرێس بەو مەرجە بووە ناوی نەهێنرێت، چونکە مافی لێدوانی نییە.

زاهیر شاه نیکمال، سەرۆکی دامەزراوەی تەندروستی لە هەرێمی غەزنە ژمارەی کوژراو و بریندارەکانی ڕووداوەکەی ئەمڕۆ یەکشەممەی پشتڕاست کردۆتەوە.

وەزارەتی بەرگری ئەفغانستانیش ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردۆتەوە و دەڵێت 10 سەرباز کوژراون و 9 سەربازی تریش بریندارن، هەروەها گێرانەوەیەکی جیاوازی ڕووداوەکەیشی هەبووە بە بەراورد لەگەڵ گێڕانەوەی بەپرسەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەفغانستاندا؛ وەزارەتی بەرگری دەڵێت ماشینەکە لە نزیک بنکە سەربازییەکەوە تەقێندراوەتەوە پاش ئەوەی هێزە ئاسایشییەکان دابوویانە بەر دەستڕێژ. هێشتا نازانرێت بۆ ئەم جیاوازییە هەیە لە باسکردنی ڕووداوەکەدا.

تاریق عوریان، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان، هەواڵی هێرشەکەی پشتڕاست کردۆتەوە، بەڵام هیچ وردەکارییەکی باس نەکردووە.

سەربازەکانی ئەو بنکە سەربازییەی غەزنە، ئەرکی هێرشی سەوانەیان لە ئەستۆیە و هەروەهاش پشتیوانی کردن و بە هاناوە چوونی ئەو هێزە لەشکری و پۆلیسیانەی گەمارۆ دەدرێن لەو ناوچەیەدا. ئەو سەربازانە بەشداریش دەکەن لەو کردە لەشکریانەی دژ بە تاڵیبان و دژ بە ڕێکخراوە تێرۆریستییەکەی دەوڵەتی ئیسلامی دەکرێن لە هەرێمەکانی ڕۆژهەڵات و باشوری ئەفغانستاندا.

لە باشوری ئەفغانستانیش، هێرشبەرێکی خۆکوژ بە ئۆتۆمبێلێکی بە مین چێنراوەوە خۆی کردووە بەناو کاروانی ماشینەکانی سەرۆکی ئەنجومەنی هەرێمی زابول. لەم هێرشەشدا بەلانیکەم 3 کەس کوژراون و 21 کەسی تریش بریندارن، بەپێی لێدوانی گوڵ ئیسلام سیال، وتەبێژی هەرێمی زابول.

حیکمەتوڵا کوتشای، وتەبێژی پۆلیسی هەرێمەکان دەڵێت "سەرۆکی ئەنجومەنی هەرێمە لە هێرشەکەی ئەمڕۆ یەکشەممە ڕزگاری بووە و بریندارییەکەی سوکە و یەکێک لە پاسەوانە تایبەتەکانی لە نێو کوژراوەکاندایە."

ئەم هێرشانەی ناو ئەفغانستان هاوکاتن لەگەڵ ئەو وتووێژە ڕاستەوخۆیانەی لە قەتەر دەکرێن لە نێوان نوێنەرانی حکومەتی ئەفغانستان و تاڵیباندا بۆ کۆتاییهێنان بە دەیان ساڵی خوێن ڕشتن لە ئەفغانستانی بە شەڕ وێرانبوودا.

XS
SM
MD
LG