Accessibility links

بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و مردن بەهۆی ڤایرۆسەکەوە لە ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات


ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران بەردەوام لە پەرەسەندایە و ئامارە فەرمیەکان باس لەوە دەکەن لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا 482 کەسی دیکە بە هۆی تووشبوونیان بە ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە، بەمەش کۆی ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێراندا گیانیان لەدەستداوە دەگاتە 42 هەزارو 461 کەس.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا 13 هەزار و 352 کەس تووشی کۆڤید-19 بوون، ئەمەش ژمارەی تووشبووان بەرز دەکاتەوە بۆ 788 هەزار و 473 کەس لەو وڵاتەدا.

ڕاستی و دروستی ئەو ئامارانەی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایاندەگەیەنێت، وەک ئامارەکانی چین و ڕووسیا جێگای گۆمانن و لەسەر بنەمای ئەو بەڵگانەی کە لە لایەن دام و دەزگا جۆراوجۆرەکان تێبینی کراون، دەکرێت بگوترێت زانیاری دروست دەربارەی ژمارەی ڕاستەقینەی تووشبوان و ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە لە بەردەستدا نین و لەوانەیە ژمارەکان زۆر زیاتربن لەو ئامارانەی کە بڵاو دەکرێنەوە.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و تەنانەت ناوەندی توێژینەوەی ئەنجومەنی پارلمانی ئێران رایانگەیاندووە ژمارەی ڕاستەقینەی مردن بەهۆی ڤایرۆسەکە چەند جار زۆرترە لەو ئامار و ژمارانەن کە بە فەرمی لە ئێران بڵاو دەبنەوە.

ژمارەی زۆری مردنەکان لە ئێران لە کاتێکدایە کە حکومەتی ئێران لەم دواییانەدا هەفتەیەک پاش دەستپێکردنی شەپۆلی سێهەمی پەتای کۆرۆنا، دەستیکرد بە سەپاندنی ژمارەیەک کۆت و بەند و چالاکی بۆ بەرنگاری ڤایرۆسەکە و بە دواکەوتنێکی زۆرەوە بڕیاری داخستنی دوو هەفتە و قەدەغەکردنی هاتووچۆی شەوانەی لە شارەکانی ئێراندا ڕاگەیاند بە تارانی پایتەختیشەوە.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە سەرەتای دەستپێکردنی پەتای کۆرۆناوە هۆشداری دا لەمەڕ بێ دەسەڵاتی کاربەدەستانی ئێران و شاردنەوەی راستی و دروستی ئامارەکان.

XS
SM
MD
LG